٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەیان خێزان لە چاوەڕوانیی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەدان

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە دەڵێ، تا ئێستا 114 منداڵی ونبووی هەڵەبجە بێسۆراخن و ناوەكانیان تۆمار كراوە، لەوانەیش 10 منداڵ تاوەكو ئێستا دۆزراونەتەوە. بەرپرسی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی 12ـی پارتیش لە هەڵەبجە ئاماژە دەدات، ئەمڕۆ مەراسیمێك بۆ یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە مۆنیومێنتی ئەو پارێزگایەدا بەڕێوە دەچێت.

 

ئەمڕۆ 28 ساڵ بەسەر كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەدا‌‌ لەلایەن رژێمی بەعسی فاشیستەوە تێدەپەڕێت كە بە ‌هۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون  و ١٠هەزاری دیكەیش بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەك منداڵیش ون بوون و تا ئێستایش كەسوكاریان بە دوایاندا دەگەڕێن، ساڵانەیش لە ‌شاری هەڵەبجە و تەواوی هەرێمی كوردستاندا، بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی ئەم كارەساتە، چەندان رێوڕەسمی جۆراوجۆر بەڕێوە ‌دەچن.

لەبارەی ئاماری ئەو منداڵانەی تا ئێستا دۆزراونەتەوە، (لوقمان عەبدولقادر محەممەد) سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا 114 منداڵی ونبوو بێسۆراخن و ناوەكانیان لامان تۆمار كراوە، لەوانەیش 10 منداڵ تاوەكو ئێستا دۆزراونەتەوە، بەڵام هێشتا 72 خێزان بۆ سۆراخی منداڵە ونبووەكانیان لە چاوەڕوانیدان، لەگەڵ مەراسیمی یادكردنەوەی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەیشدا، مندالە ونبووەكان دەناسێنین و دوای مەراسیمەكەیش دوو ڕووفاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە هەیە بە خاكیان دەسپێرین، هەروەها بۆ منداڵە ونبووەكانی تریش لە پارێزگای هەڵەبجە لیژنەیەكمان هەیە دەستبەكار دەبێت و بەرنامەڕێژی دەكات".

هاوكات بەرپرسی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی 12ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە (فارووق عەبدولكەریم)، لەبارەی بەرنامەی مەراسیمەكەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند‌: "ئەمڕۆ مەراسیمێك بۆ یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە مۆنیومێنتی ئەو پارێزگایەدا بەڕێوە دەچێت كە تێیدا بانگهێشتی هیچ لایەنێك نەكراوە بە فەرمی، تەنها ئەوەی بیەوێت دەتوانێت بەشدار بێت و بۆ ئەمساڵیش لەلایەن پارێزگای هەڵەبجەوە بەڕێوە دەبرێت و پێدەچێت نوێنەری حكوومەت یاخود جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بەشداری یادەكە بێت، هەروەها كۆنسووڵی وڵاتی ژاپۆنیش خۆی دەیەوێت ئامادە بێت، لەگەڵ ئەوەیشدا لە مەراسیمەكەدا چەندین چالاكی و شانۆگەری و دیبەت بڕیارە بەرێوە دەچن".

(فارووق) ئاماژەیشی دا: "28 ساڵ بەسەر كارەساتەكەدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا شاری هەڵەبجە بێناز ماوە و لە كۆمەڵگای نێودەو‌ڵەتیدا كەیسی بەجینوسایدناساندنی كیمیابارانكردنی ئەو شارە زۆر نەچووەتە پێش، هەرچەندە حكوومەتی هەرێم زۆر هەوڵی بۆ داوە و بەڕێوەبەری شارەوانییش سەردانی چەندین وڵاتی كردووە لەبارەی ئەم بابەتەوە، جگە لەوەیش تا ئێستا چەندین بریندار ماون چارەسەر بكرێن و پێویستیان بە چارەسەرە".

(ئەردەلان هەڵەبجەیی)ـی هاووڵاتی كە دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی ڕووخاوەوە، درێژكراوەی زنجیرەیەك تاوانی ئەو رژێمە بوو كە دەرحەق بە گەلی كورد ئەجامی دا و، بە هۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار كەس بوونە قوربانی و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون كە تا ئیستا برینەكانیان ساڕێژ نەبووە، هەرچەندە چەندان بەڵێنیش بۆ چارەسەركردنیان درابوو، بۆیە هەڵەبجەیش تەنیا موڵكی هەڵەبجەییەكان نییە".

(ئەردەلان) گوتیشی: "هەڵەبجە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەكو هەر قەزایەكی تر پرۆژەی خزمەتگوزاریی تێدا ئەنجام دراوە، بەڵام ئەوەی بووە مایەی دڵنەوایی بۆ هەڵەبجەییەكان، بەپارێزگابوونی ئەو شارە بوو".

پارێزگای هەڵەبجە، پێنجەم پارێزگای كوردستانە و بە رووبەری 1599 كیلۆمەتری چوارگۆشە، دەكەوێتە 83 كیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی ناوەندی پارێزگای سلێمانی و باكووری چیای هەورامان. هەڵەبجە، بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1889ـدا بووە بە قەزا و  دواتریش لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە بڕیاری بەپارێزگابوونی درا.

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار