جێگری سەرۆکی پەرلەمان: با لە یادی هەڵەبجەدا زامەكانی گەلەكەمان سارێژ بكەین

هەولێر-KDP.info- لە یادی 28 مین ساڵەی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوندە بریاربەدەستەكان جیهان دەكات، هەوڵەكانی پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و تێپەڕاندنی قەیرانەكان چڕ بكەنەوە.
دەقی پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە یادی 28 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا:
لە رۆژێكی وەكو ئەمرۆ 16 ی ئاداری 1988 دا، رژێمی دیكتاتۆری بەعس لە تاوانێكی دژ بە هەموو بەها ئاینی و مرۆییەكاندا، چەكی كیمیاوی دژی خەڵكی سڤیل و بێتاوانی شاری هەڵەبجەی شەهید بەكاریهێنا و لە ئاكامدا زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە ژن و پیاو و منداڵ و كچ و گەنجی شارەكە شەهیدبوون و هەزارانی تریش برینداربوون.
ئەو تاوانەی رژێمی بەعس سەرەتای هەڵمەتێكی گەورە و فراوانی لەناوبردن و قڕكردنی گەلی كوردستان بوو، كە دەمێك بوو ئەو رژێمە ئامادەكاری و پیلانسازی بۆی دەكرد و، دواتر گەیشتە ئاستی ئەنفالكردنی زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی كورد. ئەو كارە دڕندانە لە كاتێكدا ئەنجام درا كە لەژێر فشاری هاوكێشە سیاسیی نێودەوڵەتییەكان، وڵاتە زلهێزەكان جۆرێك لە بێدەنگییان نواند، بەڵام دواتر هەوڵە بەردەوامەكانی سیاسی و دیپلوماسیی سەركردایەتیی كوردستان بۆ شكاندنی ئەو بێدەنگییە سەریانگرت و، چەندین وڵاتانی دۆست بە هانای گەلی كوردستان هاتن و ژمارەیك لە پەرلەمانانی ئەو وڵاتانە لەپاڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان، كیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفال وەك تاوانی جینۆسایدیان ناساند .
لە یادی 28 مین ساڵەی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا كە هاوكاتە لەگەڵ ئەم دۆخە نالەبارەی ناوچەكەمانی گرتووەتەوە، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوندە بریاربەدەستەكان جیهان دەكەین هەوڵەكانی پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان لە شەری دژی تیرۆر و تێپەراندنی قەیرانەكان چڕ بكەنەوە. لە سەر ئاستی هەرێمیش هیواخوازین زامەكانی گەلەكەمان بە رێكخستن و یەكخستنی نێوماڵی كورد سارێژ بكەین بۆ ئەوەی چیتر ئەم جۆرە نەهامەت و كارەساتە دووبارە نەبنەوە، هەروەها بە ئەركی سەرشانی هەموو دامودەزگاكانی كوردستان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای مەدەنی دەزانین كە لە هەوڵی سارێژكردنی برینەقووڵەكانی كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم قوربانیانی ئەو كارەساتە بەردەوام بن.
هەر لەم یادەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی ئەنفال و شەهیدانی كوردستان بەگشتی دادەنوێنین.
دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
16/3/2016




