٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێم پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كرد لەسەر بەجینۆسایدناساندنی كردەوەكانی داعش لە دژی كوردانی ئێزدی و كریستیان و كەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەكانی دیكە لە عێراق و سووریا.

دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی 393 دەنگ بڕیاری دا لەسەر بەجینۆسایدناساندنی کردەوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی لە عێراق و سووریا بەرانبەر کەمینە ئایینی و مەزھەبییەکانی ئەو دوو وڵاتە. بە پێی بڕیارەکە، کە ئاژانسی ئاسۆشەیتدپرێس بڵاوی کردەوە، ئەو کردەوانەی کە داعش دژ بە کوردانی ئێزدی و کریستیان و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە کردوویەتی، جینۆسایدن و، پێویستە لە بەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێ.

لەو بارەیەوە، وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كرد لەسەر بەجینۆسایدناساندنی كردەوەكانی داعش لە دژی كوردانی ئێزدی و كریستیان و كەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەكانی دیكە لە عێراق و سووریا. لە لێدوانێكدا بۆ ناوەندی هەواڵی ئازاد، سەفین دزەیی وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند خەڵك و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەگەرمی پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دەکەن و لەو ڕووەوە داوای کرد هەنگاوەکانی دیکە لەلایەن دەوڵەتی ئەمەریکاوە بنرێت بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.

دوێنێش لە میانەی كردنەوەی زانكۆی ئەمریكاییانی لە دهۆك، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كرد كە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەنگاوی باش نراون بۆ بەجینۆسایدناساندنی كارەساتی سەر كوردانی ئێزدی و كریستییان و كەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەكانی دیكەی عێراق و وەك حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەوڵەكانیان لەو بارەیەوە بەردەوام دەبن.

ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەران رێخۆشکەرە بۆ دۆسیەی بەجینۆسایدناساندنی کردەوەکانی داعش کە ئەو دۆسیەیە لەلایەن جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێت، بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوودا ببێت بە بڕیاری ئیدارەی ئەمریکا و دواتر کاری یاسایی پێویستی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ بکرێ و بەهۆیەوە تاوانباران ڕاپێچی بەردەم دادگای نێودەوڵەتی بکرێن.

جێی باسە، ئەمە دووەم جارە لە ئەمریکا، تاوانی لەو شێوەیە بڕیاری بۆ بە جینۆسایدناساندنی بۆ دەردەکرێت، یەکەمیان، لە دارفۆر سالی 2004 کە کوشتاری کریستیانەکان بە جینۆساید ناسێندرا و، کۆڵن پاوڵ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا دۆسیەکەی بەڕێوە دەبرد. بەپێی سەرچاوەکان ھەمان ئەو مەرجانەی کە بۆ دۆسیەی دافۆر بۆ کۆڵن پاوڵ لەلایەن شارەزا یاساییەکانی ئامادەکرابوو، دراوە بە دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا بۆ دۆسیەی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش.

هەواڵی پەیوەندیدار