بێرنارد کۆشنەر: کاتەکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان گونجاوە

هەولێر-KDP.info- بێرنارد کۆشنەر، وەزیری دەرەوەی پێشووی فەرەنسا، ڕایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سنوورە کۆنەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبیر بکات و ددان بە ڕاستییە نوێیەکەی ناوچەکەدا بنێت و ئاشکراشی دەکات ئێستا کاتێکی گونجاوە بە سەربەخۆبوونی کورد.
بێرنارد کۆشنەر، گوتی: "بڕیاری سەربەخۆی بەدەست کورد خۆیەتی؛ من یەک بە بارە خۆم، لەو بڕوایەدام ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ سەربەخۆیی، لەبەر ئەوەی ئەو ھەرێمە، سەقامگیرترین و دیموکراتیکترین شوێنە، ڕەنگە دیموکراتییەکەتان کامڵ نەبێت، بەڵام لە کوێی جیهاندا دیموکراسییەکی تەواو دەبینی؛ پێم وایە کاتی ئەوە ھاتووە ئێستا کورد بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانی ڕابگەیێنێت کە ئێرە دەتوانرێت ببێتە مۆدێلێکی سەقامگیر و پڕ لە ئاشتی، بەڵام دەبێ کورد لەناو خۆیاندا یەکگرتوو بن؛ [بە داخەوە] وەختی خۆی زۆر شەڕ و گرژیی نێوخۆیی کوردم بینیوە."
بێرنارد کۆشنەر، بۆ کوردستان٢٤ گوتیشی: "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ناوچەکە دەترسن، بۆیە ئەوان دوودڵن لە پڕچەککردنی ھێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، ڕۆژئاوا بڕوای بە سنوورە کۆنەکان ماوە، بەڵام ئێمە دەبێ بزانین سنوورە کۆنەکان چیدیکە نەماوە و دەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕاستیەدا بکەین."
لەبارەی داھاتووی سووریایشەوە گوتی: "زۆر زەحمەتە، دیار نییە؛ لەبەرئەوەی ڕەوشی سووریا زۆر ئاڵۆز بووە، پاشانیش نازانین ڕۆڵی ڕووسیا و پۆتین لە سووریا چییە، باس لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکرێت لە سووریا، بڵێی ئەو کارە بکرێت، لە کاتێکدا ھەموو وڵاتەکە شەڕوکوشتاری تێدایە!"
کۆشنەر کە بە دۆستێکی دێرینی کورد ناسراوە زیاتر لە 40 ساڵە ئاشنای کەیسی کوردە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاسس، باس لەوە دەکات بڕیاردانی بەڕێوەچوونی ڕیفراندم و سەربەخۆبوونی کورد، بە دەست کەس نییە، جگە لە کورد خۆی نەبێ.




