ئاژانسە جیهانییەکان: پەیەدە دۆستەکانی لە ڕۆژئاوا لەدەست دەدات

ئاژانسەکان-KDP.info- ئاژانسەکانی هەواڵی نێودەوڵەتی بڵاویان کردەوە کە ھاوکاری و ھەماھەنگی پەیەدە و باڵە چەکدارییەکەی یەپەگە، جگە لە تووڕەکردنی حکوومەتی تورکیا، بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی رۆژئاوا و ئەوروپایان نیگران کردووە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، دوای بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوان ھێزەکانی سووریا و بەشداری پێنەکردنی پەیەدە و ھەروەھا کشانەوەی رووسیا لە خاکی سووریا، پارتی یەکێتی نەتەوەیی کورد لە سووریا (پەیەدە) وەک لایەنێکی سەرەکیی شەڕی دژی داعش لە قۆناغی داھاتوودا ڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات. بەپێی راپۆرتەکانی ئاژانسە جیهانییەکان، ئەمریکا لەکاتی ھەر رازیکردنێکی پێشبینیکراوی حکوومەتی تورکیا، پشت دەکاتە پەیەدە و باڵە سەربازییەکەی و بەم دواییەش چەند جارێک لە سەر زاری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە لە بوونی پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە ئاگادار کراونەتەوە .
لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوودا، فیلیپ ھاموند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی سەرسووڕمانی خۆی لە ھاوکاریی پەیەدە بۆ رووسیا دەربڕی و ڕایگەیاند کە بەڵگەی زۆریان سەبارەت بە ھاوکاریی ئەو دوو لایەنە لەبەردەست دایە. ئەمە لەکاتێکدایە کە دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان و تەنانەت باراك ئۆباما سەرۆکی ئەو وڵاتەش لە پەیوەندیی تەلەفونیدا لەگەڵ لایەنە جیاجیاکان ئەو نیگەرانییەیان دەربڕیوە.




