خۆسەپاندنی پەیەدە، تا سەر نابێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانى سووریا "ئەلپارتی"، دەڵێت، پەیەدە بۆ ئەوەی سیاسەتی خۆی بەسەر خەڵكیدا بسەپێنێت، هەرچی لە توانایدا بێت لە راگەیاندن و هێزی سەربازی ئەنجامی دەدات. باوەڕیشی وایە كە، خۆسەپاندنەكەى تا سەر نابێت.
(د. كاوە ئازیزی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەیەدە بە زەبری چەك دەیەوێت خۆی بەسەر ڕۆژئاوای كوردستاندا بسەپێنێت، بۆیە سیاسەتێكی زۆر مەترسیداری گرتووەتە بەر و، بۆ سەرگرتنی سیاسەتی خۆی هەرچی لە توانایدا بێت لە راگەیاندن و هێزی چەكداری ئەنجامی دەدات و گوێ بۆ هیچ كەسێك ناگرێت، چونكە ئازادی لەلای ئەوان، بریتییە لە بیركردنەوە لە چوارچێوەی پەیەدەدا، لەوێ بەولاوە لای ئەوان تۆ خۆفرۆشی و نیشتمانپەروەر نیت".
(ئازیزی) گوتیشی: "عەقڵییەتی پەیەدە لەمێژە لە ڕۆژئاوای كوردستان رەت كراوەتەوە و، نایشتوانێت تا سەر بەو عەقڵییەتە و بەو هێزە چەكدارەییەوە بمێنێتەوە، چونكە دواجار ئیرادەی خەڵكی ڕۆژئاوا، لە ئیدارەی چەك و داپڵۆسین بەهێزترە".
ئاماژەیشی دا بەوەی كە، پەیەدە بە شێوەیەكی زۆر خراپ و نەخوازراو، دژایەتیی ئەزموونی باشووری كوردستان دەكات.
كارزان سەباح




