د. یووسف گۆران: زۆر گرینگە توێژینەوەی ئاكادیمی ببێتە خەمی سەرەكیی زانكۆكانمان

دهۆك-KDP.info- وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی زانكۆكانمان بە تەواوەتی بە كۆمەڵگە و كێشەكانی ببەسترێنەوە، لە پێناو چارەكردنی زانستیانەی زیاتری ئاستەنگەكانی بەردەم دەزگا و دامەزراوەكانی حكوومەت و ئابوری وڵات، زۆر گرینگە توێژینەوەی ئاكادیمی ببێتە خەمی سەرەكییان".
نابێ زانكۆ تازەكان تەنیا سەرقاڵی پڕۆسەی خوێندن بن
ئەو گوتانەی (د. یووسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی هەرێمی كوردستان، لە میانەی پێشكەشكردنی گوتارێكیدا هات، كە دوێنێ دووشەممە، لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی زانكۆی ئەمەریكی لە كوردستان پێشكەشی كرد. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕووی داواكانی ئاڕاستەی زانكۆ تازەلەدایكبووەكان كرد و گوتی: "تەنیا سەرقاڵی پڕۆسەی خوێندن نەبن، بەڵكو بەشدارییەكی كارا لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئاكادیمی و مەعریفی بكەن، بۆ ئەوەی زانكۆكان لە ڕێگەی توێژینەوە و پێشنیازەوە چارەی هەمەچەشنە بگەیەننە دەست بڕیاردەرانی سیاسی و، سەرئەنجام زانكۆكان ببنە بكەرێكی سیاسی كارا لە ناو دەزگاو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان".
زمانی ئینگلیزی، زمانی زانست و مەعریفەی ئاكادیمیە
لەو مەراسیمەدا كە سەرۆكی هەریمی كوردستان و ژمارەیەكی زۆر لە لێپرسراوانی باڵای هەرێمی كوردستان و بیانی ئامادەی بوون، چەندان گوتار پێشكەش كران، لەو چوارچێوەیەدا (د. یووسف گۆران) لە گوتارەكەیدا دوای ئەوەی خۆشحاڵیی خۆی بە ئامادەبوونی لە شاری دهۆك دەربڕی، پیرۆزبایی كردنەوەی زانكۆی ئەمەریكیی كوردستانی كرد، گوتیشی: "ئەوەی زیاتر دڵخۆشمان دەكات ئەوەیە، كە ئەو زانكۆیە خوێندن تێیدا بەو زمانەیە كە سەرجەم زانست و مەعریفەی ئاكادیمی دونیای ئەمڕۆ، كە ئینگلیزییە لەسەری بونیاد نراوە". هەروەك هیوایشی خواست دامەزراندنی ئەو زانكۆیە لە سنوورەكەدا، ببێتە هۆی زیاتر گەشەكردنی لایەنی ئابووری و كۆمەڵایەتیی ناوچەكە بە گشتی و، كەرتی خوێندنی باڵا بە تایبەت.
نەوەی نوێ شاییستەی خوێندنی باشتر و ئاستبەرزە
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە پێگەی خوێندكاران لە ناوەندەكانی خوێندن كرد و ڕایگەیاند: "خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باوەڕی تەواوی بەوە هەیە، كە خوێندكاران و نەوەی نوێی سەركردەكانمان شاییستە و پێویستیان بە هەلی خوێندنی باشتری ئاستبەرز هەیە". هیوایشی خواست زانكۆی ئەمەریكیی كوردستان بتوانێت ژینگەیەكی نوێ بۆ خوێندكارە گەنجەكانی كوردستان بڕەخسێنێت، كە تێیدا سود لە پسپۆڕی و زانست لە پێناو بەهێزكردنی توانای كەسێتیی خۆیان دەستەبەر بكەن، تا لە كۆتاییدا بۆ ژیانی هزری و پیشەیی و تایبەتی خۆیان سوودی لێ وەربگرن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا هەنگاوی گرینگی لە بواری چاكسازیدا ناوە
هەر لە گوتارەكەیدا، (د. یووسف گۆران) ئاماژەی بەو چاكسازییانە كرد كە لە وەزارەتەكەی دەستیان پێ كردووە و لەو بارەیەوە گوتی: "خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی زیاتر لە ساڵێكە چەندین پڕۆژەی چاكسازیی دەست پێ كردووە، لەوانەیش ناساندنی زیاتر زانكۆكان بە پێوەرە ئاكادیمییە جیهانییەكان و، هەڵسەنگاندنی لەسەر ئەو بنەمایە ئەوەیش لە ڕێگەی پڕۆسەی ڕیزبەندی نیشتیمانیی زانكۆكان، كە یەكێكە لەو پڕۆژانەی لە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ زانكۆكان دەستمان پێ كرد و جێبەجێمان كرد. دامەزراندنی پەیمانگەی پەرەپێدانی ئاكادیمی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و ئاكادیمیی مامۆستایان و، كەڕێر سێنتەرەكان و، ئەنجوومەنی باڵای توێژینەوەی زانستی و، ڕێنمایی نوێی دكتۆرا و گۆڕانكاری لە پڕۆگرام و ساڵی خوێندن و گرنگیدان بە زمانی ئینگلیزی و...چەند نموونەیەكن لەو چاكسازییانەی لە وەزارەتەكەمان لە ماوەی ڕابردوودا دەستمان پێ كردووە و جێبەجێمان كردووە".
زانكۆكان بە چەند ڕێگەیەك دەتوانن زیاتر بناسرێن و ئاستیان بەرز بكەنەوە
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بەشێكی دیكەی گوتارەكەی تەرخان كرد بۆ چۆنیەتیی ناساندانی زانكۆكانی كوردستان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكان و لەو بارەیەوە ئاماژەی دا: "بۆ خزمەتی زیاتری خوێندكاران و خەڵكی سنوورەكە، ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، هانی زانكۆی ئەمەریكیی كوردستان دەدەین كە بە وردی كار بۆ دەستەبەركردن و پاراستنی پێوەرەكانی دڵنیایی جۆری بە تایبەت لە وەبەرهێنان لە بواری (ئەكریدیتەیشن)ـی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆگرامەكانتان بكات". هەروەك پیشبینیشی كرد كە ئەمساڵ ئەو زانكۆیە بەشدارییەكی كارا لە ڕیزبەندی نیشتیمانیی زانكۆكانی كوردستان بكات، لە هەمان كاتدا خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە ئەو زانكۆیە دەبێتە پێنجەمین زانكۆ لە كوردستان خوێندن تێیاندا بە زمانی ئینگلیزی دەبێت، بۆ ئەوەیش (د. یووسف گۆران) ڕوونكردنەوەی زیاتری دا و گوتی: "لەم ڕۆژگارەدا زمانی ئینگلیزی، زمانی دەستەبەركردنی زانست و توێژینەوەی ئاكادیمییە، بوونی زمانی ئینگلیزی و ستافی مامۆستایانی نێودەوڵەتیی شارەزا، بواری زیاتر بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی گونجاوی نێودەوڵەتی لە زانكۆكە دەڕەخسێنێت". هەر بۆیە داوای لە ستافی بەڕێوەبردنی زانكۆكە كرد كار بۆ زیاتركردنی خوێندكارانی نێودەوڵەتی لە كۆمەڵگەی ئاكادیمی خۆیان بكەن، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، سوودی ئەو جۆرە كارەیشی گەڕاندەوە بۆ چەند خاڵێك و گوتی: "بوونی خوێندكاری نێودەوڵەتی سەرباری سوودە ئابووری و زانستییەكەی بۆ وڵاتەكەمان، كاریگەرییەكی بەرچاویشی لە ناساندنی كولتوور و كۆمەڵی كوردستان بە جیهانی دەرەوە دەبێ، چونكە ئەو خوێندكارانە لە ئایندەدا دەبنە باڵیۆزی ڕۆشنبیریی كوردستان لە وڵاتانی خۆیان".
زانكۆكان، بەشدارییەكی فراوانیان لە چارەكردنی قەیرانەكان نەبووە
(د. یووسف) ڕەخنەی لە زانكۆكان گرت و هێمای بۆ ئەوە كرد: "سەرباری ئەوەی كە لە ئێستادا كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێكی حكومڕانیی – ئابووریی قوڵ و، هەڕەشەی ئەمنی بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا زانكۆكان لە ڕێی توێژینەوەی زانستی – ئاكادیمییەوە بەشدارییەكی بەرچاویان لەم كێشانە و دیبەیتە فراوانانەی هەرێمەكەمان نییە، لاوازیی بەشداریی زانكۆكان لە گفتوگۆی ئاكادیمی لەسەر ئەو قەیران و هەڕەشانە، كاریگەرییەكی زۆر خراپی لەسەر ئاست و شێوەی پێشنیازەكانی چارەكردنی كێشەكانمان جێ هیشتووە".
سیستمی بەڕێوەبردنی ئێستا پێویستی بە گۆڕانكارییە
لە بڕگەیەكی دیكەی گوتارەكەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕەخنەی لە سیستمی حكومڕانیی هەرێمی كوردستان گرت و ڕایگەیاند: "سەرباری قەیرانی دارایی كە ئێستا بەرۆكی گەلەكەمان و حكوومەتی گرتووە، بەڵام دیارە ئەركی سەرەكیی ئەم حكوومەتە گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردن و حكومڕانیی كوردستانە، چونكە ئەو شێوە بەڕێوەبردن و حكومڕانییەی لە ڕابردوودا هەمانبووە، ئێستا ناتوانێت لەگەڵ بنەماكانی بەڕێوەبردنی سەردەمیانە هەڵ بكات". لەو چوارچێوەیەیشدا (د. یووسف گۆران) ڕوونی كردەوە كە چالاككردنی دەزگا و دامەزراوەكان و نزیككردنەوەی زیاتریان لە هاووڵاتیان لە ڕێی بەناسەنتڕاڵیكردنی بەڕێوەبردن و بەرپرسیارێتی، لە هەمان كاتدا داڕشتنەوەی پەیكەری حكوومەت بەپێی ئامانجی سەرەكی و كارایی دامەزراوەكان و، هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و ئابووریی وڵات، چەند ئەركێكی هەنووكەیی چاكسازیی دامەزراوەیین لە هەرێمەكەماندا، كە خۆشبەختانە ئێستا حكوومەت هەنگاوی جددیی بۆ هەندێك لەو بوارانە ناوە. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە: "پێویستە ئەو گۆڕانكاریانە بكرێن، چونكە ئێستا و ئاییندەی ئەزموونەكەمان وڵاتەكەمان و نەوەكانی ئاییندەمانی پێوە بەندە".
ئاییندە ڕوونە و، قەیرانەكان تێدەپەڕێنین
لە بەشی كۆتایی گوتارەكەیشیدا، (گۆران) گەشبینیی خۆی بە تێپەڕاندنی قەیرانەكان نیشان دا و گوتی: "ئەمڕۆ كوردستان لە باشوور و ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی كۆنترین و دڕندەترین بیری تاریكی سەدەكانی ناوەڕاست بووەتەوە، گەلەكەمان لە سایەی پێشمەرگە سەربەرزەكانمان و خوێنی شەهیدانمان و، بە سادەترین چەك و پێداویستی، سەركەوتن و نەبەردیی مەزنیان تۆمار كردووە". هەروەك جەختیشی كردەوە: "گەلی كورد ئازاد و زیندووە، ڕۆژانی زۆر سەختی تێپەڕاندووە، گومانیشمان نییە كە بەسەر قەیرانەكان و شەمشەمەكوێرەكانی تاریكیشدا سەر دەكەوێ و، ئەم گەلە دواجار لە ئاسۆیەكی دوور یان نزیك دەگاتە دوائامانجی سیاسیی خۆی".
بەرزكردنەوەی پێگەی زانكۆكان، ئامانجێكی پیرۆزی زانستی و نەتەوەییە
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەروەها گوتی: "بەرزكردنەوەی پێگەی زانكۆكانی كوردستان لە ڕیزبەندی جیهانی زانكۆكاندا، ئامانجێكی پیرۆزی زانستی و نەتەوەییە، گرینگە زانكۆی ئەمەریكیی كوردستان لە ئەمڕۆوە بیكاتە ئامانجی خۆی و كاری بۆ بكات". ڕوونیشی كردەوە: "وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێشبینیی بەرز و گەش لە زانكۆكەتان چاوەڕوان دەكات و، پێمان وایە كە ئێوە دەتوانن بگەنە ئاستی بەرزتری ئەو پێشبینیانەمان".
زانكۆی ئەمەریكیی كوردستان، بە شێوازێكی سەردەمیانە بونیاد نراوە
دوابەدوای پێشكەشكردنی گوتارەكان، (گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هاوڕێ لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەرێمی كوردستان بەشداری كرد لە كردنەوەی زانكۆی ئەمەریكیی كوردستان لە شاری دهۆك، دوای كردنەوەی زانكۆكەیش ئامادەبووان بەشەكانی زانكۆكەیان بەسەر كردەوە، كە بە شێوازێكی سەردەمیانە بونیاد نراوە.




