فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆ دەبنەوە.. پرسگەلێك گفتوگۆ دەكەن

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، فراكسیۆنە كوردستانییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی ژمارەیەك پرسەوە كۆ دەبنەوە.
(د. تاریق گەردی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "بڕیارە ئەمرۆ سێشەممە، بەر لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران، فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ ببینەوە و تێدا گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەی حەفتەوە دەكرێت كە چ بەرنامەیەكی كار هەیە لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەگەڵ ئەو بابەتانەی پێوەستن بەهەرێمی كوردستان تا ڕای گونجاو و پێشوەختەمان لەسەریان هەبێت".
(گەردی ) گوتیشی: "بە هەمان شێوە گفتوگۆ لەبارەی ئەو پێشهاتانەوە دەكرێت كە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەبارەی گۆڕانكاریی وەزاری و هاتنی بەشێك لە حەشدی شەعبی بۆ دەروازەی ناوچەی سەوز دێنە ئاراوە، هەروەها قسە لەبارەی ئەوەوە دەكرێت كە مەترسی هەیە رۆژی هەینیی داهاتوو بەناوی مانگرتنەوە لایەنگرانی (سەدر) بێن خێمە هەڵبدەن، بۆیە پێویستە ئێمە ئاگاداری یەكتری بین لەو بابەتانەدا".
نەشوان بەرزنجی




