سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی توركیا: لە خەباتی دژی توندڕۆیی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بەیەكەوە دەبین

هەولێر-KDP.info- لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی توركیا جەختیان لەوە كردەوە كە لە خەباتی دژی توندڕۆیی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەیەكەوە دەبن.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 14ـی 3ـی 2016 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و (ئەحمەد داودئۆغلو) سەرۆكوەزیرانی توركیا دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان تاوتوێ كرا.
هەر لەم پەیوەندییەدا (سەرۆك بارزانی) ئیدانەی كردەوە تیرۆریستییەكەی 13ـی 3ـی 2016ـی شاری ئەنكارای پایتەختی توركیای كرد و سەرەخۆشی لە حكوومەت و گەلی توركیا و كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە لە خەباتی دژی توندڕۆیی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەیەكەوە دەبن.




