مانگرتنی بەردەوامی سەدر چی لێ شین دەبێ؟

بەغدا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، دیارە سوننە و کورد دەڵێن خەتای شیعەیە عێراق وای بە سەردا هاتووە؛ جا ڕەوتی سەدر دەیەوێت خۆی لەو بەرپرسیارەتیە بدزێتەوە و، بڵێ خەتای حزبی دەعوەیە نەک هەموو شیعە.
مانگرتن و خۆپیشاندانی شیعەکان چووەتە قۆناغێکی نوێ، تا دێ سەرهەڵدانی زیاتر و، گروپی جیاواز لەنێو شیعەدا سەرهەڵدەدات، یانی ئەوەتا سەدر دەبێتە گورزی شیعەکان و لە عەبادی دەیوەشێنن و بۆ خۆپاککردنەوەی سیاسی لە عێراقدا شیعە دەنگێکی نوێ دێنێتە نێو شەقام، یانیش ئەوەتا بۆ لێکترازانی شیعە و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی بۆ عێراق بە دواوە دەبێ.
(عەرەفات کەرەم) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوت: "لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە سەردەمی حوکمی (نوری مالیکی)ـیەوە ناخۆشی دەبینن؛ خۆ (عەبادی)ـیش هەر حزبی دەعوەیە. بۆیەش ئێستا فراکسیۆنی دەوڵەتی قانوون پشتگیری لە حکوومەتی ئێستا دەکەن، جا ڕەوتی سەدر دەیەوێت ئەوە بە عێراق بڵێت کە شیعەکان نین عێراقیان بەو قۆناغە گەیاندووە، بەڵکو حزبی دەعوەیە، بۆ ئەوەی ڕەوتی سەدر بەم ڕێگەیە خۆی لەو بەرپرسیارەتییە لابدات، كە سوننە و کورد شیعە بەوە تۆمەتبار دەکەن."
(عەرەفات کەرەم) گوتیشی، ڕەوتی سەدر لەو کارەی بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوەی ناکۆکییەکی زۆر لەنێوان ڕەوتی سەدر و حزبی دەعوەدا ھەیە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند، شیعەکان سەرکەوتوو نەبوونە لە حوکمڕانیدا؛ لەبەر ئەوەی زیاتر بۆ شیعە کاریان کردووە و ئایدلۆژیایی شیعەگەرییان بەسەر زاڵ بووە و، تەنها بۆ ئایینزای شیعە کاریان کردوووە، بۆیە پێویستە شیعەکان بە تایبەت حزبی دەعوە بەرپرسیارەتییەکەیشی ھەڵبگرن، ھەر بۆیەش ڕەوتی سەدر دەیەوێت خۆی لەو بەرپرسیارەتیە ڕزگار بکا.
جەختیشی کردەوە، خۆپیشاندانەکانی ڕەوتی سەدر بەڵگەیە بۆ شکەستهێانی شیعە لە حوکمرانی وڵات، چونکە لە ھەر شوێنێک مەزھەب تەدەخولی لە سیاسەت کرد فەشەل دەھێنێت و دەوڵەتی مەدەنی دەکاتە دەوڵەتی مەزەبی.
چاودێرانی سییاسییش وای بۆ دەچن کە سەرهەڵدانی ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنەی شیعە لە عێراق دوو خوێندنەوەی لێ دەکرێ؛ یان دەبێتە سەرەتایەک بۆ لیکترازانی شیعە یانیش ئەوەتا دەبێتە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی عێراق.
بڵند ئیبراھیم




