ڕەنگە بەهای نەوت بچێتە سەرووی 50 دۆلار.. ژێرخانی ئابووریی هەرێم باشتر دەبێت

هەولێر-KDP.info- ئابووریناسێك دەڵێ، پێشبینی دەكرێت لە هەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتانەی داهاتیان پێوەستە بە نەوتەوە، ژێرخانی ئابوورییان باش بێت و قەیرانی دارایی روو لە كەمبوونەوە بكات، ڕەنگە لە داهاتوویشدا نرخی بەرمیلێك نەوت بگاتە ٥٠ دۆلار و سەرووتریش.
ئەم هەفتەیە، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا لە بەرزبوونەوەدا بوو و ئێستایش نرخی هەر بەرمیلێك نەوت نزیكەی بە (٤٠) دۆلار دەفرۆشرێت، كە بەرزترین نرخە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا.
لەم بارەیەوە، ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ (ئیدریس رەمەزان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئاستی جیهاندا، دەتوانین بۆ چەند هۆكارێكی گرینگی بگەڕێنینەوە، هەرچەندە وڵاتانی ئۆپیك بڕوایان وایە لە داهاتوویەكی نزیكدا نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەكی تەواو بە خۆیەوە دەبینێت بە هۆی ئەوە ئێستا بازاڕەكانی ئەمەریكا بووژاونەتەوە، بۆیە ئەو وڵاتانەی كە ئەندام نین لە رێكخراوی ئۆپیكدا، ئەوانیش رێژەیەكی زۆر زۆر كەمی نەوت دەخەنە بازاڕەكانەوە بە حوكمی ئەو دابەزینەی ئێستا هەیە، بۆیە لێرەدا خستنەڕووی نەوت بە بەراورد لەگەڵ داواكاریدا، بە رێژەیەكی بەرچاو جیاوازیی دروست كردووە، ئەمەیش وای كردووە كە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە".
(رەمەزان) گوتیشی: "ڕەنگە (٢٠)ـی ئەم مانگە ئەو وڵاتانەی كە ئەندام نین لە رێكخراوی ئۆپیكدا، چالاكتر بن و ئاستی بەرهەمهێنانیان زیاد بكەن لە بازاڕەكاندا، ئەمە لەوانەیە ئەگەرێك بێت بۆ دابەزینەوەی نرخی نەوت بە رێژەیەكی زۆر زۆر كەم، بەڵام ئەوەی كەوا پێشبینی دەكرێت لە روانگەی سیاسی و ئابوورییەوە، لێكنزیكبوونەوەی ئەمەریكا و ڕووسیایە بەتایبەت لەسەر كێشەی سووریا و، لە هەمان كاتیشدا لەسەر راگرتنی شەڕ، كە ئەمەیش وای كردووە بە رێژەیەكی بەرچاو نرخی نەوت بەرز ببێتەوە".
(رەمەزان) پێشی وایە: "كەمنەكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام وەك سعوودیا یاخود ئیمارات یان ئێران و چەندین حاڵەتی تر، وایان كردووە كە بازاڕی نەوتەكەیان لەدەست نەدەن، بۆیە ئەمەیش وای كردووە نرخ بەرزبوونەوەیەكی تەواو بەخۆیەوە ببینێ. گرینگترین خەسڵەت و خاڵیش لەسەر ئەم جۆرە دیاردانە وەك ئەوەی ئاماژەم پێ كرد، خستنەڕووی بەرهەمی نەوتییە لەسەر ئاستی جیهانیدا و ئێستا بە بەراورد لەسەر داواكارییەكەی، لە لاسەنگیی تەواودایە، هەرچەندە لە رابردوودا خستنەڕوویەكی ئێجگار زۆری نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا هەبوو بە بەراورد لەگەڵ داواكاری لەسەر نرخی یاخود داواكاری لەسەر بەرهەمی نەوت، بە حوكمی ئەوەی كە بەرهەمی نەوتی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەندام لە بازاڕەكاندا دەبینرا، ئەمە وای كردبوو كە دابەزینێكی ئەوتۆ بەخۆیەوە ببینێ، بەڵام كشانەوەی ئەمەریكا لەم جۆرە خستنەڕووە كەم بووەتەوە، بۆیە وڵاتانی تریش نەیانتوانیوە وەك پێویست بەرهەمەكانیان بخەنە بازاڕەوە، ئەمەیش وای كردووە خستنەڕوو بە رێژەیەكی بەرچاو سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێ".
ئەو ئابووریناسە ئاماژەیشی دا: "نرخەكان رۆژبەرۆژ لەبەرزبوونەوەدان، هەرچەندە بە پۆینت یان بە سەنت بەرزبوونەوەیەكی تەواوە، بەڵام ئەگەر وا بڕوات لە ئاییندەیەكی نزیك یاخود لە چەند مانگێكی تر ئەگەری هەیە كە نرخی نەوت لە سەرووی (٥٠) دۆلاردا خۆی ببینێتەوە، بە تایبەت ئەمە موژدەیەكی زۆر گرینگە بۆ ئەو وڵاتانەی كە بوودجەی گشتییان لەسەر ئاستی نرخی نەوت هەڵسەنگاندووە، وەك هەرێمی كوردستان و عێراق یاخود ئێران یانیش ئەو وڵاتانەی كە پێیان دەگوترێ وڵاتی نەوتی".
فایزە پاڵانی




