سەرۆکی زانکۆی دهۆک: بەمزوانە هەرێم لە قەیرانی داراییدا رزگاری دەبێ

دهۆک-KDP.info- (د. موسلیح دهۆكی) سەرۆكی زانكۆی دهۆك دەڵێ، هاتنی وەفدی هاوبەشی نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتانی گروپی حەوت و بانكی نێودەوڵەتی بۆ كوردستان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاماژەیەكی ڕوونە کە هەرێم لەم قەیرانە داراییەدا رزگاری دەبێ.
(د. موسلیح دهۆكی) سەرۆكی زانكۆی دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند، هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی ئابوری سەختدایە، شەڕێكی گران بەرۆكی ئێمەی گرتووە، سەرباری هاتنی نزیكەی ٢ ملیۆن ئاوارە و حەوانەوەیان لە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی ناوەندیش قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، هاتنی وەفدی بیانی لەم كات و ساتەدا و بە تایبەتیش بۆ هاوكاری كردن لە بواری دارایی، ئاماژەیەكی روونە كە وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی٧ وڵاتی زلهێزی جیهان، وڵاتەكەمان لەم قەیرانە سەختەدا بە تەنیا و بێ پشت و پەنا بەجێناهێڵن.
ئەوەشی گوت: هاتنی ئەو شاندانە و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم، دووپاتكردنەوەی متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە كوردستان و سەرۆك بارزانی و بە ئیرادەی میللەتێك كە سەرباری ئەو بارە سەخت و گرانە، كۆڵنادات و متمانەی ژیان و بنیاتنان و دروستبوونی تێدایە، بۆیە من لەو باوەڕەدام بە زووترین كات بە هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی، هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە داراییە ڕزگار دەبێت.
رابین شێروانی




