٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.هاوار نێروەیی: پارتی و یەکێتی، ئایندەی هەرێم باشتر دەکەن

سەرچاوە: KDP.info
 

 هەولێر-KDP.info-  (د. هەوار نێروەیی) مامۆستای زانكۆ دەڵێ، قۆناغی ڕێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتی، پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی، بە تایبەتی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە قۆناغێكی زۆر باشدا بوو، خەڵك هەستی بە ئارامی دەكرد، باش بوونی نێوان پارتی و یەكێتی ئایندەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر دەبات.

 

(د. هەوار نێروەیی) مامۆستای زانكۆی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی : بە ڕاستی ئەگەر ئێمە ماوەی قۆناغی ئاساییشی نەتەوەیی بەرچاو وەربگرین، قۆناغی ڕێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتی، پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی، بە تایبەتی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە قۆناغێكی زۆر باشدا بوو، خەڵك هەستی بە ئارامی دەكرد، بەڵام پاش دەركەوتنی گۆڕان و دروستبوونی فەوزا لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، كە گۆڕان لەگەڵ فكری توندڕەویدایە، بووە هۆی ئەوەی  ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێك بچێت، هەروەها بووە هۆكاری ئەوەی پەیوەندی نێوان پارتی یەكێتی تێك بچێت، بۆیە خاوبوونەوەی ڕێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان ئەو دوو لایەنە، ئەوەیش بووە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان توشی كۆمەڵێك قەیران ببێتەوە، بەتایبەتی قەیرانی سیاسیی، بۆیە بە بڕوای من ئێمە قەیرانی داراییمان نییە، بەڵكو قەیرانێكی سیاسیمان هەیە، ئەگەر لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، هەموو كێشەكان چارە دەبن، بۆیە پێموایە حكوومەتی هەرێم سەركەوتوو نابێت ئەگەر یەكێك لەو دوو حزبە بەشدار نەبێت، زۆر پێویستە  وەك جاران ئەو دوو حزبە دەست بخەنە ناو دەستی یەكدی بۆ چارەكردنی هەموو ئەو كێشانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەن.

گوتیشی:  هۆكاری خاوبوونەوەی ڕێككەوتنی ستراتیژی بۆ یەكێتی دەگەڕێتەوە، كە لە ناوخۆیان یەكگرتوو نینە، ئەگەرنا پارتی ئامادەیە لە پێناو بەرژەوەندی هاوولاَتیانی هەرێمی كوردستان، لە هەر ڕووێكەوە بێت پەڕە بەو ڕێككەوتنە بدات، بەڵام سەركردایەتی یەكێتی كە هەر یەكەو  لە لای خۆیەوە لێدوان دەدات و نەبوونی گوتارێكی یەكگرتوو لەناو یەكێتی بووەتە هۆكاری ئەوەی كە ڕێككەوتنی ستراتیژی پەڕاوێز بخرێت، پەڕاوێزخستنی ڕێككەوتنی ستراتیژی وا دەكات نەك هەر عێراق، بەڵكو وڵاتانی دەوروبەریش زاڵ بن بەسەر هەرێمی كوردستاندا، بۆیە دەتوانم بڵێم خاڵی هەرە سەرەكیی بۆ سەركەوتنی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان گرێدراوە بە ڕێككەوتنی ستراتیژی.

 

رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار