رادیۆ زه‌مانه: سنووره‌كانی نوێ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڕێوه‌ن

تاران-KDP.info- ماڵپه‌ڕی رادیۆ زه‌مانه راپۆرتێكی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بڵاو كردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به ئاشكرا باسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی كوردستانی كردووه و، به‌پێی زانیارییه‌كان زیاتر له سی‌ودوو وڵاتیش ددانی پێیدا ده‌نێن.
رادیۆ زه‌مانه ده‌ڵێت: سه‌ره‌ڕای بوونی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی ئابووریی له هه‌رێم، به‌ڵام ئێستا باشترین كاته بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، چونكه عێراق به شێوه‌ی پراكتیكی دابه‌ش بووه.
رادیۆ زه‌مانه بۆ وێناكردنی عێراقی راسته‌قینه، باس له قسه‌یه‌كی (محه‌ممه‌دی حاجی مه‌حموود) ده‌كات كه گوتبووی عێراق ته‌نیا له ئه‌سمانه‌وه یه‌كپارچه‌یه و له‌سه‌ر زه‌وی، دابه‌ش بووه.
سوپای عێراق له شه‌ڕی داعش زۆر لاوازتره له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و، رۆژانه گوێبیستی ته‌قینه‌وه له به‌غدا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ژێر كۆنترۆڵی به‌غدا ده‌بین، له‌كاتێكدا له هه‌رێم ئه‌م رووداوانه زۆر كه‌من.
رادیۆ زه‌مانه ده‌ڵێت، به پێچه‌وانه‌ی رابردوو كه رای گشتی و زۆر له سیاسه‌توان و كه‌سایه‌تییه ئایینه‌كانی عێراق دابه‌شبوونیان به تاوانێكی گه‌وره ده‌زانی، به‌ڵام ئێستا ئه‌و تابۆیه شكێندراوه و گه‌یشتووه‌ته راده‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق جیابوونه‌وه‌ی كورده‌كان له عێراق به ڕه‌وا ده‌زانن.
رادیۆ زه‌مانه هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئێستا به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی و جیهانی، راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان باشترین پێشوازی لێ ده‌كرێت. له رابردوودا عێراق و سووریا و توركیا سه‌ره‌ڕای ناكۆكییان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، به‌ڵام له‌سه‌ر پرسی كورد هاوپه‌یمان بوون و وڵاتانی دیكه‌ش به‌هۆی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا، دژایه‌تیی سه‌رسه‌ختی سه‌ربه‌خۆییی كوردستانیان ده‌كرد. به‌ڵام ئێستا به‌هۆی شه‌ڕی نێوخۆیی ئه‌و وڵاتانه و هێرشه‌كانی داعش بۆ عێراق و سووریا، ئه‌و دوو وڵاته هیچ بڕیارێكیان به ده‌سته‌وه نییه بۆ دژایه‌تیكردن و، ئه‌گه‌ریش هه‌بێ ته‌نیا بۆ موزایه‌ده‌یه.
توركیا له شاره كوردنشینه‌كان تووشی كێشه و ئاڵۆزی به‌رفراوان بووه‌ته‌وه و دوای تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ رووسیا زیاتر له جاران پێویستی به نه‌وت و غازی هه‌رێم هه‌یه.
رادیۆ زه‌مانه ده‌ڵێت: ئێران له سه‌ره‌تاوه له دژی دروستبوونی هه‌رێمی كوردستان بوو و كاتێك (هاشمی ره‌فسه‌نجانی) سه‌رۆككۆمار بوو، به ئاشكرا گوتبووی رێگه ناده‌ین ئیسرائیلێكی دیكه له بناگوێمان دابمه‌زرێت، به‌ڵام ئه‌وه ئێران بوو كه زووتر له توركیا كۆنسووڵگه‌ری له هه‌ولێر و سلێمانی كرده‌وه.
هه‌روه‌ها رادیۆ زه‌مانه ده‌ڵێت: پێشوازیی گه‌رموگۆڕی شای عه‌ره‌بستان له (سه‌رۆك بارزانی)، گومانه‌كانی دژایه‌تیكردنی وڵاتانی عه‌ره‌ب و كه‌نداو بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ره‌وانده‌وه و به‌پێی زانیارییه‌كان، عه‌ره‌بستانی سعوودیا بۆ هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌ق له هێڵه سنوورییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كان، یارمه‌تیی هه‌رێم ده‌دات.
رادیۆ زه‌مانه باس له شه‌ڕی داعش و لێدوانێكی (سه‌رۆك بارزانی) ده‌كات كه گوتبووی یه‌كێك له هۆكاره‌كانی په‌لاماردانی هه‌رێم له‌لایه‌ن داعشه‌وه پرسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بوو كه قۆناغێكی باشی بڕیبوو، به‌ڵام ئه‌و شه‌ڕه سه‌ره‌ڕای زیانی زۆری مه‌عنه‌وی و مادی له هه‌مان كاتیش‌دا بووه هۆی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێم و هه‌روه‌ك (سه‌رۆك بارزانی) رایگه‌یاندبوو، ده ساڵ بوو چاوه‌ڕێی به‌غدا بووین تاكو به‌رێگه‌ی ده‌ستوور و ماده‌ی سه‌دو چل ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێننه‌وه، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام بوون.
رادیۆ زه‌مانه ده‌ڵێت: هه‌رێم دوای شه‌ڕی داعش ده‌ستی كردووه به هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌قێكی گه‌وره بۆ پاراستنی سنووره‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كان و ئێستا له‌سه‌دا شه‌ستی ئه‌و خه‌نده‌قه كۆتایی هاتووه و، تا مانگی پێنجی ئه‌مساڵ كۆتایی دێت و ئه‌و خه‌نده‌قه ده‌بنه سنووری نوێی كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق. بۆیه ئێستا له‌وه ده‌گه‌ین كه راگه‌یاندنی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمێكی ناپابه‌ند بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له‌لایه‌ن (بارزانی)یه‌وه ته‌نیا هه‌ڵسوكه‌وتێكی سیاسی و دیپلۆماسیانه بووه.
رادیۆ زه‌مانه له كۆتاییدا ده‌ڵێت: دوای تێپه‌ڕبوونی یه‌ك سه‌ده به‌سه‌ر سنووره‌كانی سایكس پیكۆ، ئیتر ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه به‌سه‌ر چووه و ئه‌و ناوچه‌یه پێویستی به سنووری نوێ هه‌یه، كه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیانی ناچاریی نه‌ته‌وه‌كان بێت كه ساڵه‌های ساڵه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تووشی شه‌ڕ و كوشتار كردووه، به‌ڵكو ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگ و بڕیاری خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه بێت.
رادیۆ زه‌مانه ده‌ڵێت: به‌ڵكو كوردستان به رووبه‌ری شه‌ست هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه و پێنج ملیۆن خه‌ڵك ببێته یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ت كه دوای یه‌ك سه‌ده له ناوچه‌یه‌كی پڕئاڵۆزیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به ته‌ڵاقێكی سپی له‌گه‌ڵ به‌غدا ببێته هۆی رووداوێك كه بۆ ناوچه‌كه شتێكی نامۆیه.
ئاماده‌كردنی شه‌هرام میرحاج




