ئێمینکی بۆ ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانی نەمردا پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند

هەولێر-KDP.info- بۆساڵیادی لەدایکبوونی بارزانی نەمر، جێگەری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:
لە یادی 113 مین ساڵەی لەدایكبوونی رابەر و ناسنامەی میللەتی كورد، مستەفا بارزانی نەمر، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەلی كوردستان بەگشتی و خانەوادە سەربەرزەكانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگەكانی كوردستان بەتایبەتی دەكەین.
یادكردنی ئەم رۆژە پیرۆزە، وەفا و دڵسۆزییە بۆ خەباتی نەپساوی ئەم سەركردەیە، كە هەموو ژیانی خۆی لەپێناو وەدیهێنانی ئاوات و مافە رەواكانی گەلەكەیدا بەختكرد و لە ناسكترین قۆناغدا سەركردایەتی شۆڕشی كرد و توانی گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە یەكبخات و لە ژێر یەك ئاڵا و یەك ئامانجدا كۆبكاتەوە .
بارزانی نەمر بە درێژایی ژیانی خۆیدا بەرگری لە ناسنامەی نەتەوایەتی كورد و خاكی كوردستان كردووە و بە گوێرەی سەردەم و رۆژگارەكان داخوازییەكانی گەلی كوردستان دەخستنەڕوو و لە ئاكامی حیكمەتی سیاسی ئەم زاتە و خەباتە بەردەوامەكەی، حكوومەتی ئەوسای عێراق ناچاركرا ملكەچی داخوازییەكانی گەلی كوردستان بێت و لە رێككەوتننامەی 11 ی ئاداری 1970ی دا دان بە مافەكانی بنێت، دواتریش ئەو رێكەوتننامە بووە بنەمایەكی پتەو بۆ راپەڕینی بەهاری 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمان ودواتر جێگیركردنی بەشێكی زۆری مافە رەواكانی گەلی كوردستان لە دەستووری هەمیشەیی عیراقدا .
ئەمڕۆش كە یادی 113 ساڵەی لەدایكبوونی ئەم رابەر و سەركردە مەزنە دەكەینەوە، پابەندبوون و بڕوابوونمان بە رێبازەكەی دووپاتدەكەینەوە، رێبازی وەدیهێنانی مافی رەوای گەلی كوردستان لە سەربەخۆیی و چەسپاندنی دیموكراتی و ئاشتی و ئازادی و یەكڕیزی و پێكەوەژیان و گیانی لێبووردەیی و گەشەی ئابووری و پاراستنی دەستكەوتەكان.
سڵاو لە بیرەروەری لەدایكبوونی بارزانی نەمر سومبولی بەرخودان و خەباتی گەلی كوردستان و ژیانی ئازاد.
رێز و سڵاو بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی كوردستان.
د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
14/3/2016




