ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، پێشبینیی سەقامگیربوونی نرخی نەوت دەكات

هەولێر-KDP.info- بەپێی دواڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە كە لەسەر بازاڕی جیهانیی نەوت بڵاو بووەتەوە، نرخی نەوت بەرەو جێگیربوون ئاڕاستەی گۆڕیوە و رەنگە زۆرتریش بەرز ببێتەوە.
دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی دیكەی بەرهەمهێنەر، یارمەتیدەرە بۆ نەمانی زیادەی نەوت لە بازاڕدا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ئاماژەی ئاشكرا بەدی دەكرێن لەسەر ئەوەی هێزەكانی بازاڕ دەستە سیحراوییەكانیان ئاشكرا كردووە و ئەو بەرهەمهێنەرانەی نەوت كە بە تێچووێكی زۆرەوە نەوت بەرهەم دەهێنن، لە بازاڕ لادەدەن.
ئاژانسەكە پێشبینییشی كردووە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریكا ئەمساڵ رۆژانە 530 هەزار بەرمیل كەم بكات. زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانیش بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لەو ئاستەدا نەبووە بازاڕی نەوت بشڵەژێنێت.
ئاژاسنی نێودەوڵەتیی وزە، لەبارەی داهاتووی نرخی نەوتەوە دەڵێت، هەندێ ئاماژەی ئەرێنی بەدی دەكرێن بۆ ئەوەی بازاڕی نەوت لە ساڵی 2017ـدا بتوانێت هاوسەنگ بێت. ئاژانسەكە دەیشڵێت، ئاڕاستەی ئێستای بازاڕی نەوت، ئاڕاستەیەكی دروستە و بەرەو سەقامگیربوونی نرخی نەوت دەڕوات، هەرچەندە كاتێكی زۆری پێویستە.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، نرخی نەوت توانیویەتی پارێزگاری لە ئاستی 40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بكات كە بەراورد بە نێوەڕاستی مانگی دوو بە رێژەی سەدا 25 بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە. هەرچەندە بەراورد بە 20 مانگی رابردوو، هێشتا نرخی نەوت لە ئاستێكی نزمدایە و بە رێژەی سەدا 70 بەهای خۆی لە دەست داوە.




