فەلاح مستەفا: لە پەرلەمانی ئەورووپا، داوای هاوكاریی داراییمان بۆ حكوومەتی هەرێم كرد

هەولێر-KDP.info- (فەلاح مستەفا) رایگەیاند: "لە سەردانێكماندا بۆ پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا، وەك شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆچوون و داواكاریی هەرێمی كوردستانمان خستە ڕوو و، هەروەها داوای هاوكاریی داراییمان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد".
(فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشداریمان لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپادا كرد و بۆچوون و داواكاریی خۆمان خستە ڕوو بۆ پشتیوانیی نێودەڵەتی لە شەڕ دژی داعش و خەرجییەكانی پێشمەرگە و هاوكاریی مرۆیی، هەروەها داواكاریمان بۆ هاوكاریی دارایی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان خستە ڕوو".
(مستەفا) ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "جێگای خۆشحاڵییە تێگەییشتنی زیاتر هەیە لە نێوان دۆستانی گەلی كورد لە دەرەوە، بە تایبەتی ئەو كۆبوونەوە دووقۆڵیانەی لە ناو پەرلەمانی ئەورووپادا ئەنجاممان دا، بۆ ئەوەی لە رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان ئاگاداریان بكەینەوە".




