هیلاری و ترەمپ هەر لە پـێشەوەن

ئەمەریکا-KDP.info- بە هەڵبژاردنە بەرایـیەکانی ڕۆژی سێشەممەدا دیارە لە پـێشبڕکێی دیموکراتەکاندا بێرنی ساندەرز سیناتۆری هەرێمی ڤێرمۆنت سەرکەوتنێـکی نەچاوەڕوانکراوی لە هەرێمی میشیگندا بۆ خۆی تۆمارکردووە؛ هاوکات لە پـێشبڕکێـی کۆماریـیەکاندا دۆناڵد ترەمپی ملیۆنێر لە هەرێمی میشیگن و میسیسپی و هاواییدا سەر کەوت.
لە هەڵبژاردنی بەرایـیەکانی دیموکراتەکان لە هەرێمی میشیگن و میسیسیپیدا، بێرنی ساندەرز 49.9% ی دەنگەکانی هەرێمی میشیگنی بردەوە، بەوەش پشـتیوانی 65 نوێنەری لەو هەرێمە بەدەست هێنا، بەڵام هیلاری کلینتۆن کە 48.3% ی دەنگەکانی لەگەڵدا بوو، دەنگی 58 نوێنەری ئەو هەرێمەی بردەوە. لە هەرێمی میسیسیپیدا، هەرچەندە هیلاری کلینتۆن 82.6% ی دەنگەکانی بردەوە بەڵام تەنها 29 نوێنەری بەدەسـت هێنا بەو پـێـیەی دەنگدەرانی ئەو هەرێمە کەمترن. بێرنی ساندەرزیش 16.5%ی دەنگەکانی پێ بڕا و، پشـتیوانیی 3 نوێنەری 'میسیسیپی'ـی بۆ مایەوە. لە پـێشـبڕکێی کۆماریـیەکان لە هەرێمەکانی میشیگن و میسیسیپی و هاوایی و ئایداهۆدا، دۆناڵد ترەمپ لە سێ هەرێمدا سەر کەوت. لە میشیگن 25 نوێنەر و لە میسیسپی 24 نوێنەر و لە هاوایی 10 نوێنەر. تێد کروزی سیناتۆری تێکساسیش هەرێمی ئایداهۆی بردەوە و 20 نوێنەر دەستکەوتی بوو.
بەپـێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە بەراییـیەکان، هەتا ئێسـتا کۆماری و دیموکرات هەر کامەان و ئەم کۆمەڵە نوێنەرەیان بردووەتەوە:
کۆمارییەکان:
دۆناڵد ترەمپ: 458
تێد کروز: 359
مارکۆ ڕۆبیۆ: 151
جان کەیسک: 54
دیموکراتەکان:
هیلاری کلینتۆن: 1221
بێرنی ساندەرز: 571
جێی ئاماژەیە کۆماریـیەکان لە هەموو هەرێمەکان 2435 نوێنەریان هەیە و هەر کامیان بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدی پارتەکەیان دەبێت بە لایەنی کەم پـشتیوانی 1237 نوێنەری هەبێت. بەڵام دیموکراتەکان 2973 نوێنەریان هەیە و بۆ کاندیدکردن پـێویستیان بە دەنگی 1383 نوێنەر هەیە.
voa




