ههركهس زانیاریی حكوومی بدا به كۆمپانیا بیانییەکان سزا دهدرێ

ههولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، حكوومەتی هەرێم دەتوانێت سكاڵا لەسەر هەركەسێك تۆمار بكات كە بەڵگەی لە دژی دابێتە كۆمپانیایەكی بیانی.
(ڤەمان فەیسەڵ) ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان به ناوهندی ههواڵی ئازادی ڕایگەیاندووه، دوای بەدواداچوونی ڕاستییەكان لەسەر چۆنیەتیی بەدەستهێنانی ئەو بەڵگانە لەلایەن (شێركۆ جەودەت) و دەستنیشانكردنی زیانەكان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی هەیە سكاڵا لە سەر ئەو پەرلەمانتارە تۆمار بكات، بەتۆمەتی پێدانی بەڵگە و زانیاری بە كۆمپانیایەكی بیانی و بەپێی ماددەی 327 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
هەفتەنامەی ڕووداو لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، ڕاپۆرتێكی لەسەر پێدانی زانیاریی حكوومەت بە كۆمپانیای داناگاز لەلایەن (شێركۆ جەودەت) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بڵاو كردبووەوە و، تیایدا هەشت ئیمێلی لە نێوان ناوبراو وەك سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان و كۆمپانیای داناگازی ئاشكرا كردبوو، هەربۆیە ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان سكاڵای لە دژی ئهو هەفتەنامەیه تۆمار كرد و، دوێنێش دوای 11 دانیشتنی دادگا، بڕیار لەسەر دروستیی ڕاپۆرتەكە درا و بوونی پەیوەندیی پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو و كۆمپانیای داناگاز سەلمێندرا.




