لە شکستیانەوەیە داعش کیمیایی بە کار دێنێ

کەرکووک-KDP.info- فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گوتی، داعش چونکە ددانی ناوە بەوەدا کە بەرانبەر بە پێشمەرگە شکتی بردووە، ئێستا چەکی کیمیایی بەکار دێنێ.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری قەڵای ڕۆژهەڵات لە باشووری کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: دوای ئەوەی داعش زۆر هەوڵی دا لە ناوچەی تازەخورماتوو ڕووبەڕووی پێشمەرگە ببێتەوە، بەڵام بۆیان نەکراوە و دواجار دەستیان کرد بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، هەڵبەتە ئەم هێرشەیان تەواو نیشانەی شکستی و ترسنۆکییانە.
(حوسێن یەزدانپەنا) هەروەها گوتی: داعش لە دواپەیامی خۆیاندا تەواو ئەو راستییە ئاشکرا دەکەن کە بەرانبەر بە هێزی پێشمەرگە شکستیان بردووە و، زۆربەی کوژراوانیان لە میحوەرەکانی پێشمەرگە بووە، لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆری خاکی کوردستان لە دەست داعش وەرگیراوەتەوە و، لە زۆر شوێنیش پێشڕەوی کراوە.
(حوسێن یەزدانپەنا) ئەوەشی خستەڕوو، کە داعش توانا داراییەکانی لە دەست داوە، بەتایبەتی لە محیوەری باشووری کەرکووک کە پێشووتر نەوتی قاچاخیان دەفرۆشت، چونکە ئێستا ئەو شوێنانە بە دەست هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوەن، ئەمەیشیان لە کورتی داوە.
کارزان هەورامی




