ئێران پشتگیری لە بەشار ئەسەد دووپات دەكاتەوە
__2016_03_09_h18m51s26__HK.jpg)
ئاژانسەکان-KDP.info- فەرماندەیەكی باڵای هێزە چەكدارەكانی ئێران هاوكاریكردنی شیعەكانی سووریا و یەمەن بە ئەركی وڵاتەكەی دەزانێت مەسعوود جەزایری جێگری فەرماندەی ئەركانی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی ئێران ڕایگەیاند هاوكاریی ڕاوێژكاری پێشكەش بە چەكدارانی شیعەی حوسی لە یەمەن دەكات.
كەناڵی ئەلعەرەبیە لێدوانێكی جەزایری بڵاو كردەوە كە دەڵێت هەروەك چۆن ئێران هاوكاریی سەربازیی پێشكەش بە حكوومەتی بەشار ئەسەد كردووە، بەو شێوەیەش دەتوانێت هاوكاریی شیعە حوسییەكانی یەمەن بكات.
شارەزایانی سیاسیی ناوچەكە ئاماژە بەوە دەكەن كە حكومەتی ئێران لە هەوڵی پەرەپێدانی هەژموونی شیعەگەریی خۆی لە ناوچەكەیە و لە ڕێی ژمارەیەك ڕێكخراوی شیعەی وەك حزبوڵڵای لوبنان، دەست لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەكە وەردەدات.
بەم دواییەش حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان ئاشكرای كرد كە هێزەكانیان لە عێراق لەژێر فەرماندەیی حەشدی شەعبی هاوكاریی شیعەكانیان كردووە.




