وەزارەتی دارایی، لەبارەی ئۆتۆمبێلەکانی حكوومەتەوە بڕیاری دا

هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو كەسانەی ئۆتۆمبێلی حكوومییان لایە، دەبێت تاوەكو ١٨ـی ئەم مانگە خۆیان یەكلا بكەنەوە بەوەی یان ئۆتۆمبێلەكان بگێڕنەوە بۆ حكوومەت، یانیش خەرجیی بكێشن.
بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی، ئەو كەسانەی كە ئۆتۆمبێلی حكوومەتیان لایە، هەموو خەرجییەكانی ئۆتۆمبێلەكان دەكەوێتە ئەستۆیان بە پارەی سەرپێچی و باجی هاتوچۆیشەوە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە خزمەتگوزاریی گشتی جێبەجێ دەكەن وەك (ئامبوڵانس و گواستنەوە و ئۆتۆمبێلی خاوێنكردنەوەی شار)، بە گوێرەی كیلۆمەتری رۆییشتنیان بەنزینیان بۆ دەكڕدرێت و رۆنیان بۆ دەگۆڕدرێت.
وەزارەتی دارایی ئاماژەیشی داوە: "بۆ ئۆتۆمبێلە خزمەتگوزارییەكان بەم شێوەیە خەرجییەكانیان بۆ دابین دەكرێت: بۆ هەر ( ٢٠٠٠ ) كیلۆمەتر یەك جار رۆنگۆڕین و بۆ ئۆتۆمبێلی ( ٤ بستن) بۆ هەر (٩) كیلۆمەترێك یەك لیتر بەنزین و بۆ ئۆتۆمبێلی (٨ بستن) بۆ هەر (٦ )كیلۆمەتر، یەك لیتر بەنزین دابین دەكرێت".
فایزە پاڵانی




