"دەبێ لە پارەکەدا ٢٠%ی بۆ پێشمەرگە بێ"

کەرکووک-KDP.info- لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، پێشنیارێک بە کۆی دەنگ پەسەند کرا کە لەو سەدا٣یەی حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە لە مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی عێراقی ببڕێ، دەبێ سەدا٢٠ـی لێ بدرێت بە ھێزی پێشمەرگە؛ ئەگەر حکوومەتی عێراق بەو داواکاریە ڕازی نەبێت ئەوە هەڵوێست وەردەگیرێ.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک (محەمەد کەمال) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە سەدا٣ـی مووچەی ھەموو فەرمانبەرێکی عێراق بدا بە حەشدیشەعبی؛ ئێمەش لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا پێشنیارێکمان کردووە کە لەو سەدا٣یە سەدا٢٠ـی بۆ ھێزی پێشمەرگە تەرخان بکرێت."
(محەمەد کەمال) گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بە تێکرای دەنگ بە سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانەوە پەسەند کرا و، ئاراستەی حکوومەتی عێراقی دەکەین؛ ئەگەر قەبووڵی نەکات، ئێمەش ئەوکات ھەڵوێستی خۆمان دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




