ئەنجوومەنی خانمان: ئافرەتان هێمای كەڕامەت و بەرخودان و خۆڕاگرین

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، لە پەیامێكدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە دەڵێت، بە خۆڕاگری و هاوبەشیی ژنان، قەیران و تیرۆر دەبەزێنین و بەرەو یەكسانیی هەردوو ڕەگەز هەنگاومان بەردەوام دەبێت.
دەقی پەیامی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە هەرێمی كوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئافرەتانەوە:
(بە خۆڕاگری و هاوبەشیی ژنان، قەیران و تیرۆر دەبەزێنین و بەرەو یەكسانیی هەردوو ڕەگەز هەنگاومان بەردەوام دەبێت)
لە هەشتی ئاداردا، رۆژی جیهانی ئافرەتان سڵاو و پێزانین ئاڕاستەی دایك و خوشك و هاوسەر و كچانی سەربەرزی شەهیدان دەكەین..
سڵاو و حورمەت ئاڕاستەی پێشمەرگە ئافرەتەكان و خانەوادە خۆڕاگرەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان و پۆلیس و هێزەكانی ئاساییشی ناوخۆ دەكەین، دەستی ماندووبوونی ئافرەتە كارمەندەكانی پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ دەگوشین..
هاوكاری و پاڵپشتی بۆ ژنان و كچانی سەربەرزی ئێزدی و كریستیان و توركمان و شەبەك و كاكەیی و گشت پێكهاتەكان و سەرجەم ئەو خانمانەی بوونە قوربانیی تاوان و دەستدرێژییە دڕندانەكانی داعش و تیرۆر و توندڕۆیی دووپات دەكەینەوە.
بە دەنگی بەرز بەهەموو جیهانی رادەگەیەنین ئێوە هێمای كەڕامەت و بەرخودان و خۆڕاگرین..
بە كچان و ژنانی ئاوارەو پەنابەر لە كوردستان دەڵێین ئێوە بەتەنیا نین، نان و ئارامیتان لەگەڵدا بەش دەكەین..
سڵاو لە سەرجەم ژنان و كچانی خۆڕاگری كوردستان بە كارمەند و مامۆستا و گشت ئەوانەی لە دەرەوەی ماڵ كار دەكەن و گشت كابانەكانی ماڵ، كە هەمیشە هاوبەش بوون لەگەڵ پیاوان لە خەبات و تێكۆشان، چەندجارە بەشیش بوون لە قوربانی و نەهامەتییەكاندا..
جارێكی دی لە سەروبەندی یۆبیلی زیوینی راپەڕینی گەلەكەماندا دەیڵێینەوە كە لێهاتوویی و كارامەیی و خۆڕاگریی ئافرەتانی كوردستان بە درێژایی مێژوو فاكتەری كاریگەر بوون لە بەرەوپێشچوونی رەوتی گەلەكەماندا.
سڵاو لە ئافرەتانی عێراق و هەموو جیهان سڵاو لە مرۆڤدۆستان و خەباتكاران لە پێناوی بەدەستهێنانی یەكسانی ژن و پیاو و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیدا.
ئەمساڵ لە كاتێكدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی پلانداڕشتنە بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی پەرەسەندن 2015 -2030 ئێمەیش لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای گشت سەختی و ئاستەنگ و قەیرانەكان بەشدارین لەو پرۆسەیەدا.
ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان بە شەراكەت لەگەڵ هاوبەشەكانی لە دامەزراوەكانی دیكەی حكوومەت و پەرلەمان و گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان، سەرقاڵی داڕشتنی پلان و پڕۆژەی گونجاوە بۆ جێبەجێكردنی بە تایبەتی ئامانجی پێنجەمی كە بریتییە لە "وەدیهێنانی یەكسانیی نێوان هەردوو رەگەز و تواناسازیی كچان و ئافرەتان".
دووبارە سڵاو لە گشت ئافرەتانی خۆڕاگری كوردستان و گشت جیهان .. پێكەوە ژن و پیاو پەیمان نوێ دەكەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و قەیرانەكان و هەنگاوی ئازایانە دەنێین بۆ وەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی و هێنانەدی یەكسانی لە نێوان هەردوو رەگەزدا..
ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان
هەولێر – 8ی مارس




