شێخ جەعفەر: رێگە نادەین حەشدی شەعبی لە خانەقین بارەگا بكەنەوە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین دەڵێت، رێگە نادەن بارەگای حەشدی شەعبی لە خانەقین بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بارەگای خۆیان بكەنەوە، ئاساییشی ناوچەكە تێك دەچێت.
(شێخ جەعفەر شێخ مشتەفا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "مانگێكە (هادی عامری) هەوڵ دەدات بارەگای حەشدی شەعبی لە خانەقین بكاتەوە، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین بارەگای خۆیان بكەنەوە و رازیش نابین بەو كارە".
(شێخ مستەفا) گوتیشی: "ئەوان كە باس لەوە دەكەن چەكداریان لە خانەقین زۆرە، راست ناكەن و تەنیا بۆ ئەوە باسی لێوە دەكەن كە بارەگای خۆیان بكەنەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێك رێگەیان پێ نادەین".
بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین دەشڵێت: "ئەگەر چەكدارانی ئەوان بێنە ناو خانەقین، ئەوا ئەمن و ئاساییش تێك دەچێت و كێشە بۆ پۆلیس و ئاساییش دروست دەكەن، لەبەر ئەوە رێگە نادەین بارەگا لە خانەقین بكەنەوە".
بڵند ئیبراهیم




