٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سێوکانی: لە سلێمانی، بۆ دژایەتیی سەربەخۆیی خەڵک بەکرێ گیراون.. پەكەكە ئەو مەترسییەیە كە نامانەوێت باسی بكەین

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  (سۆران سێوکانی) دەڵێت، پەكەكە تێكەڵی هەندێك هێزی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بووە، واتە خۆی بە تەنیا نییە. (سێوکانی) ڕەفتارەکانی پەكەكە بە دوو ئاراستەدا وێنا دەکات و، باوەڕی وایە، ئاراستەی یەكەمیان ئەوەیە کە چەكوشێک بێ بە دەستی دوژمنانی كوردستانەوە بۆ لێدانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و، "هیچ پاكانەیەك هەڵناگرێت."


سیاسەتمەدار و شارەزا لە کاروباری ئیسلامدا، ڕونی کردەوە، دەبێت بزانین پەكەكە هێزێكی گەورەیە، ئەم هێزە تێكەڵی هەندێك هێزی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بووە، واتە خۆی بە تەنیا نییە، بۆیە ئەو ڕەفتارانەی پەكەكە دەیكات دەبێت بە دوو ئاراستە باسیان بكەین، بەشێكیان پێدەچێت لەژێر گوشاری هێزێكی دەرەكیدا ئەنجامی بدات، بەشێكیشان لەوانەیە پەكەكە خۆی گوشار دروست دەكات بۆ ئەوەی هەندێك دەسكەوتی دەست بكەوێت.

(سۆران سێوکانی) لە دیدارێکی لەگەڵ گۆڤاری "گوڵان"ـدا هەروەها دەڵێ، كاتێك پەکەکە هەڕەشەی ئەوە دەكات و دەڵێت من دژی بۆریی گازی كوردستانم و بۆرییەكان دەتەقێنمەوە، پرسیار ئەوەیە، ئایا پەكەكە ئەم كارە دەكات؟ لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێین، ئەگەر پەكەكە بكەوێتە ژێر گوشاری هێزێكی دەرەكی، ئەو كارە دەكات و ئامانجیشی لەو كارە ئەوەیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەك بخات، ئەگەر خۆیشی وەك هێزێك ئەو كارە بكات، با لەمەیاندا واز لە هەڕەشەكانی بۆ سەر باشووری كوردستان بهێنین، ئەوا ئەمەیان لەوانەیە مەبەستی بێت گوشارێك بخاتە سەر توركیا بۆ ئەوەی هەندێك دەستكەوتی زیاتر بە دەست بهێنێت، لە نێوان ئەم دوو ئاراستەیەدا ئەگەر ئەم هەڕەشانەی پەكەكە شیكار بكەین، ئەوا لە حاڵەتی یەكەمدا كە لەژێر گوشاری دەرەكیدا هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمە مانای ئەوەیە پەكەكە چەكوشێكە بە دەستی دوژمنانی كوردستانەوە.
حاڵەتی دووەمیش بە باوەڕی ئەو سیاسەتمەدارە، ئەوەیە کە، ئەگەر پەکەکە خۆی بەبێ گوشار ئەو هەڕەشانە بكات، ئەوا هەوڵدانێكە بۆ ئەوەی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بە خۆی بدات، ئەمەیان جۆرێك پاكانەكردنی هەیە، بەڵام ئەوەی یەكەمیان كە دەبێتە چەكوش بە دەستی دوژمنانی كوردستانەوە بۆ لێدانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، هیچ پاكانەیەك هەڵناگرێت، من هیوادرام پەكەكە نەبێت بە چەكوش بە دەستی دوژمنانی كوردستانەوە، بەڵام ئەوەی بە ڕواڵەت دەیبینین و من چەند جارێك باسم كردووە، ئەوەیە كە (پەكەكە ئەو مەترسییەیە كە نامانەوێت باسی بكەین).

ئەو سیاسەتمەدار و بیرمەندەی بواری ئیسلامییە، جەخت دەکاتەوە، پەكەكە جۆرێك لە مەترسیی بۆ سەر كوردستان دروست دەكات، لەبەر ئەوەی ڕەفتارەكانی وا دەردەكەون ئاستەنگێك بێت بۆ هەرێمی كوردستان، "سەیر بكەن لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێك دەكەوێت، وەك بینیمان راشكاوانە پەكەكە دەیگوت هەتا حكوومەتی عێراق پێم نەڵێت من لە شنگال ناكشێمەوە، هەروەها لەگەڵ هەردوو حكوومەتی سووریا و ئێران رێك‌كەوتووە، ئەگەر پەكەكە ئەم كارانە لە دژی توركیا دەكات، ئەوەیان ئازادە، بەڵام بوونی پەكەكە بە ئاستەنگ و كارتی فشار بەسەر كوردستانەوە، ئەوا بە كردەیی دەبێتە ئەو گورزە كوشندەیەی كە لە ئەزموونی كوردستانی دەدات.

بە بۆچوونی من، بەشێكی زۆری ئەو شەڕوشۆڕەی پەكەكە دەیكات، پێوەندی بە هیچ پرەنسیپێك و مەبدەئێكەوە نییە، باڵی عەسكەری پەكەكە ئەوانەی لە قەندیلن، بەوجۆرە سەیری خۆیان دەكەن ئەگەر شەڕ نەبێت و شەڕ دروست نەكەن دەبنە باڵێكی لاوەكی، ئەم شەڕ و شۆڕەی پەكەكە دەیكات، هێندەی دژی پەیەدە و (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـە هێندە دژی ئەزموونی هەرێمی كوردستان نییە، ئەمە لەباربردنی هەوڵەكانی (سەلاحەدین دەمیرتاش) و (ئۆجەلان)ـە كە دەیانویست بە شێوازی ئاشتی شتێك بۆ كوردی باكوور بە دەست بهێنن، بەڵام باڵی عەسكەریی قەندیل شكستی بەو هەوڵانە هێناوە، دیارە لەبەرانبەر پەكەكەش لە توركیا عەسكەر و میت هەیە، ئەوانیش حەز لە شەڕ دەكەن و بەرژەوەندییان لە شەڕدایە، بۆیە بە هەردوولا پرۆسەی ئاشتییان لەبار بردووە.


دەربارەی ئەو بارودۆخەیش کە لە سلێمانی هەستی پێدەكرێت و، شێوەیەك لە ناسەقامگیریی سیاسی بوونی هەیە، هەروەها ئەوەی کە هەندێك میدیا بە ئاشكرا دەڵێن ئێمە دەوڵەتی كوردستانمان ناوێت، (سێوکانی) دەڵێت، هەتا پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت، ئەوە ناسەلمێت كە لە سلێمانی بۆچوونێك دژی سەربەخۆیی هەیە.

ئەو گوتی، دەبێت پرسیار بكەین ئایا ئەوانەی لە فەیسبووك دەنووسن كێن و كێ لە پشتیانە؟ ئەو میدیایانەی دژی سەربەخۆیی دەنووسن كێ هانیان دەدا و كێ لە پشتیانە؟ بێگومان ئەوانە خەڵكانێكیان لە پشتە و پێیان دەڵێن وا بنووسن، بەم رێگەیەش دەتوانن كۆمەڵێك خەڵك بە كرێ بگرن، كە هەم لە فەیسبووك و هەمیش لە میدیادا ئەم شتانە بڵاو بكەنەوە، هەربۆیە كاتێك كەسێك لە سلێمانی خاوەنی پرۆژە و فیكری خۆی بێت و بڵێت من بڕوام بە ئازادی و سەربەخۆییی كوردستانە، ئەوا لەلایەن ئەو خەڵكانەی هان دراون لە فەیسبووك دژایەتیی سەربەخۆییی كوردستان بكەن، یەكسەر تۆمەتی ئەوەت بۆ دروست دەكەن، ئەوە تۆ پارتیت.

(سۆران سێوکانی) ئاماژەی دا کە، ئێستا خەڵكانێكی زۆر لە سلێمانی دەیانەوێت هەقیقەت بڵێن، بەڵام لە ترسی شەڕەجنێو و قسەی سووكی هەرزەكارەكانی ناو فەیسبووك ناوێرن ئەو هەقیقەتانە بڵێن، هەر كەسێك بچێتە ناو لاپەڕەی من لە فەیسبووك، ئەوكات دەزانێ چەند سووكایەتیم پێكراوە، ئەمە بێجگە لەوەی بەشێكی ئەو قسە ناشیرین و سووكانەم سڕیوەتەوە و بەشێك لە فرێندەكانی فەیسبووكم بلۆك كردووە، بۆیە بە راشكاوی دەڵێم قسەی فەیسبووك و راگەیاندن، هەڵوێست و قسەی خەڵكی سلێمانی نییە، بەڵام لەوانەیە بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە هەندێك ناڕەحەتی و نیگەرانی پێوە دیار بێت، ئەمەش حاڵەتێكی ئاساییە.

هەواڵی پەیوەندیدار