سەربەخۆییی کوردستان مژاری گەرمی میدیاکانی کەنەدایە

هەولێر-KDP.info- جارێکی دیکە سەربەخۆییی کوردستان دەبێتە مژاری گەرمی میدیاکانی کەنەدا و بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، سەربەخۆییی کوردستان تەنیا کاتی ماوە و کورد هەر سەربەخۆ دەبێت.
رۆژنامەی ناشناڵ پۆستی کەنەدی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: “پارتی دەسەڵاتداری کەنەدا بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاندووە؛ جارێ لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان نین، بەڵام هەمان ڕۆژنامە لەزاری چەند شارەزا و بەرپرسێک نووسیویەتی کورد تەنیا کاتی ماوە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و ڕەوشەکە گونجاوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەش سوپای کەنەدا ڕایگەیاند: “بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و هاوکارییەکانیشیان زیاتر دەکەن.
کەنەدا هاوکاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە تاوتوو دەکات
بە گوتەی بەرپرسانی پارتی لیبراڵی کەنەدی، ئەو هەفتەیە ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە تاوتوو دەکات، لەوانەش زیاترکردنی ڕاوێژکاری سەربازی و ناردنیان بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو ڕاوێژکارانە چەکی سووک و مامناوەندیش لەگەڵ خۆیان دێنن و ڕادەستی پێشمەرگەی دەکەن.
پێش چەند مانگێک، جەستن ترۆدیۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند: “عێراق دوای داعش تووشی کێشەی خاکیش دەبێت و ڕەنگە دابەش بێت.
ئێستا حکوومەتی کەنەدا ڕایدەگەیەنێت: “جارێ فۆکس لەسەر شکستپێهێنانی داعشە و باسی دابەشبوونی عێراق ناکەن، لەگەڵ ئەوەش دووپاتی دەکاتەوە کەنەدا تا بتوانێت بەردەوام دەبێت لە بەرزکردنەوەی تواناکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا.
هەرێمی کوردستانی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆیە
ڕۆژنامەی ناشناڵ پۆست لە ڕاپۆرتێکدا دەربارەی سەربەخۆییی کوردستان دەنووسێت: “گەلی کورد کە حەشیمەتێکی زیاتر لە 30 ملیۆن کەسییە، لەمێژە ئامانجیان سەربەخۆییە و دەیانەوێت دەوڵەتێکیان هەبێت، ئێستا هەرێمی کوردستانی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و تەنیا ئەوە ماوە دەوڵەتەکە ڕابگەیەنێت، هاوکات کورد زۆر نێوانی لەگەڵ هێزە شیعییەکان خۆش نیە کە ئێران پاڵپشتیان دەکات.
هەرچەندە دیانا خەداج، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند: “کەنەدا لەگەڵ یەکپارچەیی عێراقدایە و هەڵوێستمان ڕوونە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئاگاداری ئەو پرسەن، لەگەڵ ئەوەش بەرپرسانی کەنەدا دەڵێن: “راگەیاندنی ئەو هەڵوێستە بۆ تورە نەکردنی بەغدایە، دەنا کەنەدا لەمێژە دەزانێت عێراق دابەش دەبێت.
خەداج دوێنێ وردەکاریی زۆری لەبارەی پلانی حکوومەتەکەی ئاشکرا کرد، ئەو گوتی: “بڕیاری حکوومەت بۆ زیاترکردنی هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە، پێویستیەکە و کەنەدا جێبەجێی دەکات، چونکە ئامانجمانە داعش لاوازتر بێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ڕاشیگەیاند: “لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەوان لە پلانی نوێی حکوومەتەکەمان ئاگادارن.
کەنەدا پێشتر هەڵوێستی توندی لەسەر بڕیارێکی حکوومەتی عێراق نیشان دابوو، چونکە کاروانێک چەک و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە نارد، بەڵام بەغدا ڕێگەی نەدا چەکەکان بگاتە هەولێر، خەداج لەوبارەوە گوتی: “ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ شەڕی تیررۆرستان."
رۆژنامەی ناشناڵ پۆست لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی دەڵێت: “کەنەدا و هاوپەیمانانی پشتبەستن نەبێت بە پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش، بژاردەی دیکەیان نیە، چونکە پێشمەرگە سەلماندوویەتی لە توانایدایە داعش لاوازتر بکات و لەناویان ببات، کورد تاکە هێز بوو توانی پێشڕەوی داعش ڕابگرێت."
"دڵنیام کوردستان سەربەخۆ دەبێت"
ڕۆژنامەکە دەشڵێت: “سەرکردایەتیی کوردیش سوورن لەسەر بەدیهێنانی ئامانجی سەربەخۆیی و دەڵێن: بەهیچ شێوەیەک ئەو خاکە نادەنەوە دەستی بەغدا کە بەشەر کۆنترۆڵیان کردووە، مەسعود بارزانیش لە چەندین بۆنەدا ئەوەی دووپات کردووەتەوە."
لەگەڵ ئەوەش بەگوتەی ڕۆژنامەکە، بەغدا بەردەوامە لە گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان لە چەندین ڕووەوە، چونکە لەچەندین کۆبوونەوەی هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش کورد بەشداری نەکردووە، لەکاتێکدا هێزی سەرەکی شەڕی داعشە."
بەسمە مومانی، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ڤاترلۆ دەڵێت: “بەرپرسانی کەنەدا بەرانبەر سەربەخۆیی کوردستان هەستیارن، هەرچەندە دابەشبوونی عێراق وەک ڕۆژی ڕوون لە ئاسۆ دیارە، بەڵام ئێستا حکوومەت تەنیا ئەو بژاردەی لەبەردەستدایە بیلێت."
مومانی دەشڵێت: “دڵنیام کوردستان سەربەخۆ دەبێت، ئێمە ئەو کات دەبێت بیرورای سیاسیمان بکەینە قوربانی شەڕی تیرۆرستان و پاڵپشتی کورد بکەن، پاڵپشتی سەربەخۆیی کوردستان بکەین زۆر گرنگترە بە تایبەت بۆ شەڕی داعش."
کریس کیلفۆرد، کۆڵۆنێلی خانەنشینکراو کە سێ ساڵ لە تورکیا و لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیمانان خزمەتی سەربازی هەیە، دەڵێت: “ئێستا هیچ بژاردەیەکی ئەرێنی بۆ هاوبەشی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی عێراق نییە، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش."
بە گوتەی کریس: “کردارەکانمان لە کوردستان و پاڵپشتی کوردستان هەڵوێستێکی باشە بۆ ڕزگاربوونی ولاتەکە لە تیرۆر، لەگەڵ ئەوەش دەبێت خاوەنی سیاسەتێکی مەودا درێژ بین لە عێراق.
کەنەدا ساڵ و نیوێکە هاوکاری پێشمەرگەیە؛ هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە زیاتر بۆ پێشمەرگەیە نەک سوپای عێراق، بەپێی پلانی نوێی حکوومەتی کەنەداش سێ بەشی هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە دەبێت و تەنیا بەشێکی بۆ سوپای عێراق دەچێت.




