٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ ڕاکێشانی گەشتیار، هەولێر كۆنفرانسێكی گەشتیاریی لێ دەگیرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێ: لە 19ـی ئەم مانگە کۆنفرانسێكی گەشتیاری بەناوی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی كۆمپانیەكانی گەشتوگوزار و كۆمپانیەكانی وەبەرهێنان، بۆ هێنانی گەشتیار لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، كە زیاتر لە 100 كۆمپانیا و وەبەرهێنەر لە 30 تا 40 وڵاتی جیهانەوە بەشدار دەبن.

 (نادر ڕۆستی) وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، هاندانی كۆمپانیا و گەشاندنەوەی كەرتی گەشتیاری، یەك لە ئارمانجەكانی ئێمەیە، كە ئەوە دەبێتە هۆكاری ئەوەی پارەی بیانی ڕاكێشینە هەرێمی كوردستان و جموجۆل بخەینە بازاڕ و كار بۆ هاووڵاتیان پەیدا بكەین، باج و ڕسووماتی حكوومەت زیاتر دەبن و وەبەرهێنانی گەشتوگوزاری بەرەو پێشەوە دەچێت.

گوتیشی: "لە هەرێمی كوردستان ئێمە دوو ڕێگەمان لە پێشە بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی گەشتیاری، ئەویش لە ڕێگەی کۆنفرانس و پەیوەندی و پسپۆڕی ئەكادیمی و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە، لە كەرتی گەشتوگوزار، ئەوەی دیكەیش لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە، وەك ئامادەكارییەك بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، بە تایبەتی بۆ جەژنی نەورۆز و وەرزی بەهار، ئێمە ئامادەكاری دەكەین بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێكی گەشتیاری بۆ كۆمپانیەكانی گەشتیاری، كە بڕیار وایە لە 19ـی ئەم مانگە لە هەولێر ببەسرێت، كە ئەوە دەبێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ پێشكەوتنی كەرتی گەشتوگوزار، كە زیاتر لە 100 كۆمپانیا لە 3 تا 40 وڵاتی جیهان بەشدار دەبن، لەگەڵ كۆمەڵێك وەبەرهێنەری بیانی."

(ڕۆستی) دەیشڵێ: "هەرێمی كوردستان، 1052 حەوانگەی گەشتیار و، 1779 چێشتخانە و كافتریا و، 2831 بنكەی گەشتیاریی لێ هەیە؛ هەرێمی كوردستان 17 تاڤگەی گەشتیاری و 22 شوێنی ئایینی و زیاتر لە 3500 شوێنەواری لێیە كە 40 شوێنیان بۆ گەشتیاری شیاون؛ لەگەڵ 4 تەلەفریك و 6 شاری گەورەی یاری، هەروەها زیاتر لە 20 ئەشكەوتی شیاو بۆ جۆرەكانی گەشتیاری و زیاتر لە 15 مەلەوانگەی كراوە و سەر داخراو و زیاتر لە 25 هاوینەهەوار و 17 گڕاو و كانیاوی كانزای هەن، كە كۆی گشتی دەكاتە زیاتر لە 170 شێوێنی كات بەسەر بردن و جۆری گەشتیاری و شوێنەكانی گەشتیاری (هوتێل، موتێل، گوند) بە ڕێژەی سەدا10 زیادی كردووە."

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار