٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەحمەد كانی: كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی گرینگ دەبێت

سەرچاوە: KDP.info
ئه‌حمه‌د كانی، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانی و عێراقییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانی و عێراقییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، كۆبوونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی چاوەڕوانكراوە و گرینگیش دەبێت.

(ئەحمەد كانی)، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆبوونەوەیەكی چاوەڕوانكراو لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە و، پێشبینی دەكەم كۆبوونەوەیەكی گرینگ بێت، ئەگەر پارتی و یەكێتییش گەیشتنە ئەنجام، ئەوا كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە دەبێت و، پێویستیشە وا بێت، لەبەر ئەوەی ئەم دوو حزبە لەگەڵ یەكدیدا تەجرووبەیەكی دوورودرێژیان هەیە و، دەستكەوتی باشیشیان هەیە لەگەڵ یەكتردا، كە باشتریان ئەو رێككەوتنە ستراتیژییە بوو لە نێوان هەردوولادا، من ناڵێم ئەو رێككەوتنە ستراتیژییە وەكو خۆی بمێنێتەوە و دەكرێ بگۆڕدرێت، جا چ لە ناوەڕۆكیدا یاخود ئەو خاڵانەی كاتی ئەوە هاتووە گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆخی ئێستای كوردستاندا بگونجێن".

بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانی و عێراقییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "ئەوەی گرینگە، دڵنیایی حزبەكانی دیكەیە كە وا هەست نەكەن كە ئەگەر پارتی و یەكێتی رێككەوتن ئیتر پرۆسەی سیاسی لە كوردستان مەوداكەی بەرتەسك دەبێتەوە، نەخێر بە پێچەوانەوە من هەست دەكەم ئەگەر پارتی و یەكێتی گەیشتنە رێككەوتنێك، بێگومان ئەو رێككەوتنە هەمەلایەن دەبێت و دەرفەتی حزبەكانی تریشی تێدا دەبێت".

(ئەحمەد كانی)، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتیی پارتییە، دەیشڵێت: "وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پەراوێزخستنی هیچ حزبێكدا نین و ئەو كوردستانە هیی هەمووانە و هەموومان دەبێت تێیدا بەشدار بین لە ئەرك و مافەكانیشدا و، دەبێت بە یەك دووری هەمووان سەیر بكرێن، بۆیە ئەوانەی پێیان ناخۆشە پارتی و یەكێتی بگەنە ڕێككەوتن، بە ڕاستی ئەوان ناحەقی دەكەن، چونكە پارتی و یەكێتی توانییان لە ژێر سایەی رێككەوتننامەی ستراتیژیدا دەستكەوتی زۆر گەورە بۆ كوردستان بەدەست بێنن، بۆیە من پرسیارێك دەكەم ئایا كاتێك جەنابی (مام جەلال) لەگەڵ جەنابی (كاك مەسعوود) رێك‌كەوتن و چوونە بەغدا لە ساڵی 2003ـدا، پێگەی كوردستان لە بەغدا زۆر لە ئێستا بەهێزتر نەبوو؟ ئێستا بەغدا لە دەرەنجامی ئەو كێشە و ناخۆشیانەی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیە، بە ڕاستی توانیویەتی ئامانجەكانی خۆی بپێكێ بەرانبەر مەسەلەی كورد و بە كەیفی خۆی وەزیر لادەبات و جێگری سەرۆكوەزیر لادەبا، لەبەر ئەوەی دەزانێ نێو ماڵی كورد ئێستا وەكو پێویست نییە، بەڵام لە 2003 ئەوەی پێ نەدەكرا، من ناڵێم تەنیا دەبێت پارتی و یەكێتی هەبن لە كوردستاندا، بەڵكە هەموو ئەو حزبانەی هەن دەبێت هەبن و، دەبێ مومارەسەی هەموو ئەرك و مافێكی خۆیان بكەن، بەڵام یەكڕیزیی خۆیان و نێوماڵی كورد بپارێزن".

نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار