بریفكانی: سەرۆكوەزیران مافی ئەوەی نییە مووچەی ئەنجوومەن ببڕێت

مووسڵ-KDP.info- لیستی دەوڵەتی یاسا پێشنیازی بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە كە ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەنگیان داوە بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی بەشداری لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا نەكات، مووچەكانیان ببڕدرێت. لە بەرانبەردا جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، سەرۆك وەزیران ناتوانێ مووچەی هیچ ئەندامێكی ئەنجوومەن ببڕێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (هاشم بریفكانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەن بەپێی یاسا دیاری كراوە و سەرۆكوەزیرانی عێراقیش ناتوانێ لەسەر هەڵوێستێكی لەم جۆرە مووچەی ئێمە ببڕێت، لەبەر ئەوەی دەنگدان بۆ رەتكردنەوەی بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ، لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا ئەنجام دراوە و هەندێك دژی بوونە و زۆرینەیش رەتیان كردووەتەوە".
(بریفكانی) گوتیشی: "ئەو پێشنیازە لەلایەن لیستی دەوڵەتی یاساوە كراوە، بەڵام سەرۆكوەزیران ناتوانێ پێیەوە پابەند بێت، لەبەر ئەوەی كارێكی نایاساییە و بڕوا ناكەم خۆیشی بیكات".
بڵند ئیبراهیم




