"عەبادی بۆ مکوڕە حەشدیشەعبی بێنێتە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ؟"

مووسڵ-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێ هەرچۆنێک هەیە بە حەشدیشەعبی مووسڵ بگرێتەوە، هەتا هەم پێگەی خۆی بەهێز بکا و هەم حەشدیشەعبی بکاتە هێزێکی ڕەوا و، لەو لایشەوە بەو کارە خزمەتێکی ئێرانیش بکات.
سەرۆکی لیستی برایەتیوپێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ (سەیدۆ چەتۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گوایە حەشدیشەعبییان بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی خۆیان دروست کردووە، کەچی هەر سەرەتاتکێیانە بۆ شوێنی دی؛ پێشمەرگە ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستانیان ئازاد کردووە و، جگە لە پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانا، پێویستمان بە ھیچ ھێزێکی بیانی نییە بێتە شەڕی ڕزگارکردنی مووسڵ."
سەرۆکی لیستی برایەتیوپێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ گوتیشی، ئێمە پێویستمان بە ھێزی حەشدیشەعبی نییە؛ زۆر ئازانە با ناوچەکانی خۆیان بپارێزن.
گوتیشی، سووربوونی سەرۆکوەزیران لە بەشداریکردنی حەشدیشەعبی لە ڕزگارکردنی مووسڵ بۆ مەبەستێکی سیاسییە، ئەگینا مووسڵ بە حەشدیشەعبی ڕزگار ناکرێ.
چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ (د. ساڵح مەلا عومەر عیسا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حەشدیشەعبی، ئێران پاڵپشتیەتی؛ هەر ئەوانیش ڕێکیان خستووە؛ ئەمەش بۆ ئەوەیە کە پێگەی شیعەکان لە سوپای عێراقدا بەھێز ببێت و، خۆی بخزێنێتە ھەموو پارێزگاکانەوە؛ هەرکوێ حەشدیشەعبیی لێ بێت، پێگەی ئێرانیشی لێ بەھێز دەبێت."
(د. ساڵح مەلا عومەر عیسا) ڕوونیشی کردەوە، ئێران دەیەوێت حەشدیشەعبی بخزێنێتە شەڕی ڕزگارکردنی مووسڵەوە، تا هەم ڕەواتییان پێ بدات و، هەم جێپێی خۆیشیان لە ناوچە سوننەنشینەکانی عێراقیشدا بەهێز بکەن؛ ھەموو دەزانن ئەمانە سەر بە ئێرانن."
ئەو چاودێرە ڕاشیگەیاند، حەشدیشەعبی میلیشیایە و، دامەزرانەکەیشی دژی دەستووری عێراقە؛ دەیانەوێت بەشکەم بەو ڕێگەیە شەرعیەتێکی پێ بدەن.
ئەوەشی خستە ڕوو، چاوەڕوان دەکرێت دوای بنەبڕکرانی داعش حەشدیشەعبی ببێتە سەرئێشە بۆ پێشمەرگە و سوننەکانیش.
بڵند ئیبراھیم




