٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شەبەک نایەوێ بەگوریسی بەغداو پەکەکە بکەوێتە چاڵ"

سەرچاوە: KDP.info
ھەولێر-KDP.info-  نوێنەری شەبەک و سەرۆکی دەستەی شەبەک دەڵێ، هەر بە فەرمانی سەرۆک بارزانی و وەزارەتی پێشمەرگە، دەجووڵێنەوە و، لەوان نەبێ، فەرمانی کەس وەرناگرن.

 

چاودێرێکی سیاسی کە نەیویست ناوی بدرکێنین، وای بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "لە ناوچەکانی دەوروبەری مووسڵدا، شەبەک و تورکمانی تەلەعفەر نیشتەجێن، شەبەک کە کوردی ڕەسەنن و تورکمانەکانی نزیک مووسڵیش هەڵوێستیان بۆ پشتگیری لە هەرێم زۆر باشە، ئێستا حکوومەتی عێراق دەیەوێ پشتی پەکەکە بگرێ کە ئێران پاڵپشتیەتی بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پەکەکەوە کۆمەڵێ شەبەک و تورکمان بۆ خۆیان ڕابکێشن و، دژی هەرێم بیانجووڵێنن."

ئەو چاودێرە دەڵێ: "دیارە شەبەک کوردی ڕەسەنن و، لە پەکەکە و بەغدای قبووڵ ناکەن؛ تورکمانەکانیش هۆشداری دەدەنە حکوومەتی عێراق کە نایانەوێ بە گوریسی ئەوان بکەوێتە چاڵ."

چاودێرەکە نایشارێتەوە کە ئامانجی ڕاستەقینەی بەغدا و حکوومەتی عێراق لە پشتیگریکردنی پەکەکە هەر بۆ نانەوەی ئاژاوەیە تا پەکی ڕیفراندۆمەکە بخەن؛ بەڵام سەرۆک بارزانی هەتا ڕیفراندۆمەکە نەگەیێنێتە ئەنجام واز ناهێنێت.

 (سالم شەبەک) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری شەبەکان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە ھێزی شەبەکدا لەگەڵ ھەر بڕیارێکداین کە (سەرۆک بارزانی) ڕایدەگەیێنێت؛ سەدا١٠٠ لەگەڵ ئەوبڕیارەین و گوێ لە هیچ لایەنێکی دیکە ناگرین، جگە لە بڕیاری ھەرێمی کوردستان نەبێت. ئەمڕۆ ئێمە لە جەنگێکی گەورەداین، ڕووبەڕووی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بووینەتەوە؛ داعش کێشەی ناوەتەوە بۆ کوردستان و عێراق، ئێمە ئەمڕۆ جەنگمان لەگەڵ داعش نزیکەی دووری (١١٠٠) کیلۆمەترە و لەوانە قەبووڵ ناکەین کە دەیانەوێ شەبەک بۆ مەرامی سیاسی خۆیان هان بدەن."

(سالم شەبەک) هۆشداری دەداتە ئەو لایەنەی کە دەیەوێ دەست بخاتە نێو شەبەکەکان و دەڵێ، دەستی ئاژاوە گێڕیان لێ قەبووڵ ناکەین، شەبەک وابەستەی بڕیارەکانی هەرێمە، ئێمە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە فەرمان وەردەگرین.

هەروەک ئاماژەیشی دا کە شەبەک لیوایەکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەیە و، بڕیارە فەوجێکی دیکەیشمان بۆ دروست بکرێ.

 

فایزە پاڵانی

هەواڵی پەیوەندیدار