لەو دوو مانگەدا ١٣١هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەورووپا
__2016_03_02_h15m57s46__HK.jpg)
جنێف-KDP.info- ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR ڕایگەیاند لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی 1ی مانگی سێ، 131هەزارو724 کۆچبەر و پەنابەر لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە ئەورووپا.
ئەدریان ئێدواردز گوتەبێژی ئاژانسەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە جنێف ئەمەی بۆ میدیاکان ڕاگەیاند و گوتی لەو ژمارەیە 122هەزارو637 کەسیان گەیشتوونەتە یۆنان. پاشان گوتی ئەم 131 هەزار پەنابەرە نزیکە لەو ژمارە پەنابەرەی لە شەش مانگی یەکەمی سـاڵی 2015 گەیشتبوونە ئەوروپا کە 147هەزارو209 کەس بوون. باسی لەوەش کرد لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 410 پەنابەریش کەوتوونەتە ئاو و، خنکاون.
ئاماژەیشی دا کە ئێسـتا 24هەزار پەنابەر بەبێ جێوڕێ و ئەنوان، لەو یۆنانەدا گیریان خواردووە؛ جا 8500 کەسیان لە ناوچەی ئیدۆمێنی سەر سنووری نێوان یۆنان و مەکەدۆنیادانە. گوتیشی شەوی دووشەممە بە لایەنی کەمەوە 1500 کەسیان هەر لەو دەشتە، لە بن ئاسمانی ساماڵدا، ڕۆژیان کردبووەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە یۆنان بە تەنیا دەرقەتی ئەو هەموو ئاوارەیە نایەت، بۆیە داوا دەکات ئەو پـلانەی پار پەسەند کراوە بۆ دابەشکردنی کۆچبەران بخرێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.




