٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پەكەكە دژی سەربەخۆییی ئابووریی هەرێمی كوردستانە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- توێژەرێكی سیاسی، لە بابەتێكدا باس لە ڕۆڵی پەكەكە دەكات لە تێكدانی پەیوەندیی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و، لە راپۆرتێكی شیكاریدا بە ناوونیشانی "ئایا گرووپی تیرۆریستیی پەكەكە پەیوەندیی ئابووریی كوردستان لەگەڵ توركیا دەڕووخێنێت؟" ئاشكرای دەكات كە پەكەكە دژی سەربەخۆیی ئابووری هەرێمی كوردستانە.

(ڕەیچڵ ئەڤراهەم) وەك توێژەری سیاسی، باس لەوە دەكات كە پەكەكە بۆریی نەوتی كوردستان توركیای تەقاندووەتەوەكە لە ئێستادا تاكە سەرچاوەی داهاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بە هۆی ئەوەی حكوومەتی عێراق بەشەبوودجەی هەرێمی بڕیوە.
بەپێی سەرچاوەیەكی دامەزراوەی "جێروسەلام ئۆنلاین"، ئێران لە پشت كردەوەكانی پەكەكەوەیە و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە سەرچاوەی ئابووریی كوردستان وشك بكات، بۆریی ئێران توركیا لە نزیك بۆریی نەوتی كوردستان توركیاوەیە، بەڵام پەكەكە تەنیا بۆریی نەوتی كوردستانی تەقاندووەتەوە.

هەروەها، (بوسەینە شەعبان) ڕاوێژكاری باڵای (بەشار ئەسەد)، لە لێدوانێكدا گوتوویەتی، كە بە هاوكاریی پەیەدە و رووسیا تەواوی باكووری سووریا لە تیرۆریستان پاك دەكەنەوە، لە كاتێكدا ڕژێمی سووریا هەموو ئەو هێزانەی دژی وەستاونەتەوە بە تیرۆریست ناو دەبات، نوێنەری سووریا لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (بەشار جەعفەر)ـیش دەڵێت كوردەكانی سووریا لەلایەن حكوومەتی دیمەشقەوە پشگیری دەكرێن، بۆیە پەیوەندیی نێوان سووریا و ئێرانیش شتێكی ئاشكرایە.

پێشتریش دامەزراوەی ناوبراو بابەتێكی لەسەر پەیوەندیی نێوان پەكەكە و حكوومەتی ئێران بڵاو كردبووەوە كە تیایدا ئاماژە بەوە كرابوو پەكەكە سنوورەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستانی كۆنتڕۆڵ كردووە و ڕێگرە لە بەردەم چالاكیی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتی كوردستان و ڕێككەوتنەكەیش بەردەوامە.

بابەتەكە ئاماژە بەوە دەكات كە پەكەكە دژی ڕاكێشانی بۆریی گازی سرووشتیی كوردستان بۆ توركیایە، چونكە دەبێتە هۆی سەربەخۆیی ئابووری و یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەربەخۆیی سیاسی. ئەوەیش لە بەرژەوەندیی بەغدای هاوپەیمانی ئێران نییە.

دكتۆر (سێس فرانتزمان) شارەزای پرسی كورد دەڵێت، پەكەكە دژی پەیوەندیی نێوان توركیا و هەرێمە و لە كاتێكدا پەكەكە لە شەڕدایە لەگەڵ توركیا، ئانكارا بووەتە هێڵی ژیانی ئابووریی كوردستان، لە كاتێكدا بەغدا بوودجەی هەرێمی بڕیوە، توركیا بووەتە تاكە سەرچاوە بۆ هەناردەی هەرێم. كێشەیەكی دیكەی هەرێم لەگەڵ پەكەكە ئەوەیە كە ئەوان بنكەكانیان لە چیاكانی قەندیل دژی حكوومەتی توركیا بەكار دێنن، ئەوەیش وادەكات كە توركیا هەرێم بۆمباران بكات.

پێشتر دامەزراوەی "جیرۆسەلام" پۆست ئەوەی بڵاو كردبووەوە كە حكوومەتی هەرێم داوای لە پەكەكە كردبوو بنكەكانیان لە شوێنی ژیانی دانیشتووانی سڤیل دوور بخەنەوە، بەڵام پەكەكە خانووی هاووڵاتیی سڤیل دەكاتە بنكە و گوێ بە ژیانی ئەو هاووڵاتیانە نادات.

زۆربەی هاووڵاتیان و پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی هەرێم ڕەخنە لەوە دەگرن كە سنوورەكانیان بە هۆی چالاكیی پەكەكە دژی توركیاوە بۆمباران دەكرێن و ناچارن گوندەكانیان چۆڵ بكەن، بۆیە كێشە لە نێوان پەكەكە لەگەڵ پارتی و حكوومەتی هەرێم هەیە، بەڵام كێشەیان لەگەڵ پەكەكە مانای ئەوە نییە پشتگیریی پرسی كورد ناكەن لە توركیا، ئەوان هاوخەمن لەگەڵ هاووڵاتیانی كورد لە توركیا كە بوونەتە قوربانی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە و ترسی ئەوە هەیە دوای شەڕی داعش، پەكەكە كێشە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا دروست بكات.

لە كاتێكدا پەكەكە هۆكاری دژایەتیی ڕاكێشانی بۆریی گازی هەرێم دەبەستێتەوە بە بوونی شەڕ لەگەڵ حكوومەتی توركیا و دەڵێت توركیا بەهێز دەكات، بەڵام حكوومەتی هەرێم بە توندی بەرپەرپەچی لێدوانی لەو شێوەیە دەداتەوە و بە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر ژیانی خەڵكی كوردستان، بە تایبەت لە ئێستادا كە هەرێم لە قەیرانی داراییدایە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە پەكەكە دەكات خۆی بەدوور بگرێت لە هەر كارێك كە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی كوردستان دەخاتە مەترسییەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار