وردەکاریی کەمکردنەوەی وەزارەتەکانی حکوومەت و چاکسازی

هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵەكانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی لە كەرتی گشتیدا، كاراتركردنی دامودەزگاكانی حكوومەت و كەمكردنەوەی خەرجیەكانی، چەند پرۆژە و پێشنیارێک تاووتوێ دەكرێ و پاشان جێبەجێی دەكرێ. سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی حکوومەتیش وەردەکارییەکانی ئاشکرا کرد.
لەبارەی پرۆژەی پێشنیاركراو بۆ پرۆژەی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی هەیكەلی حكوومەت و داڕشتنەوەی دامودەزگاكان، (نێچیرڤان ئەحمەد) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ پێگەی فەرمیی حکوومەت دەڵێ: "گرنگترین هەنگاوی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە چاكسازییەکی ڕیشەیی بکرێت، ئەگینا هیچ جۆرە چاكسازییەكی تر بۆ واقعی ئێمە سوودی نییە."
هەروەها گوتی: "بۆ ئەم پرۆژە پێویستە پێش هەر هەنگاوێك ئەم خاڵانە لە ئارادا بن: 1- ئیرادەی سیاسی؛ 2- هەلبژاردن و پشت بەستن بە كەسانی بەتوانا و پاك و دڵسوز بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەكە لە هەموو ڕوویەكەوە؛ 3- سوود وەرگرتن لە تەكنولوژیایی پێشكەوتوو. 4- هۆشیاركردنی خەڵك بە وردەكاری پرۆژەكە و بەدەستهێنانی متمانەیان بۆ پاڵپشتی پرۆسەكە؛ 5- داڕشتنی پلان و بەرنامە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكی چاكسازی قۆناغبەقۆناغ و بۆ هەر قۆناغێك ئەولەویات دەستنیشان بكرێت. ئا بەوە دەتوانین باشترین زەمینە بۆ چاكسازی مەبەست دابین بكەین."
سەروكی دیوانی سەروكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەیشی دا "كێشە و گرفت زۆرن، لەوانە پەیكەری ڕێكخستنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرزكردنەوەی واقیعی كارگێڕی و گەیشتن بە ڕەوتی كارگێڕی هاوچەرخ توانای نەبووە و نابێت و، كۆمەڵێك خاڵی نەرێنیی لەگەڵدا بووە، جا چ لەلایەنی ژێرخان یاخۆد لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ژینگەی ناوخۆیی و دەرەوەیدا و، لە گونجان لەگەڵ پێشكەوتنەكانی شارستانی و تەكنۆلۆجی بێتوانا بوو."
دەیشڵێ: "ئێستا پێویستە پرۆسەی چاكسازی و پێشخستنی دامەزراوەیی كەرتی گشتی، لە میانەی پرۆگرامێكی گشتگیر بە جەخت لەسەر بنەمای زانستی دەست پێ بكرێت بۆ لە خۆگرتنی كۆمەڵێك ستراتیژ و سیاسەتی لەگەڵ یەكتر گۆنجاو بۆ گەیشتن بە حكوومەتێكی بەتوانا، كاریگەر، هاوچەرخ، ڕوون و پر بەرهەم."
(نێچیرڤان ئەحمەد) دووپاتی كردەوە، یەكەم هەنگاو و گرنگترین تەوەری ستراتیژی پێویستە لە تەوەری پەیكەركردنەوە دەست پێ بكات وەك یەكێك لە گرنگترین تەوەرە سەرەكییەكانی پرۆسەی چاككردنی كەرتی گشتی و دوایی دەست بە پێداچوونەوە بە یاساوڕێسا و ڕێنماییە كاراكانی هەرێم بكرێت لە پێناو هەمواركردن و نوێكردنەوەیان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی تواناسازی دامەزراوەكانی كەرتی گشتی."
گوتیشی: "خۆم توێژینەوەیەكم پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كردووە و ماوەیەكی درێژ بوو سەرقالی ئەم پرۆژەیە بووم و بە خوشحاڵییەوە بڕیاری لێ دراوە و لیژنەیەك پێك هێنراوە بۆ دیراسەتكردنی ئەم پرۆژەیە و دواتر ئەنجامەكانی دەدرێتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دوابڕیار لەسەر پرۆژەكە. پرۆژەكەش لەم تەوەرانەی خوارەوە پێك هاتووە:
1- پەیكەری تازەی سەروكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بنەمای كارگێڕی هاوچەرخ دانراوە و لەگەل پەیرەوی ناوخۆی سەروكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەم پرۆژەیە پەیكەرو پەیڕەوی ئێستای كار پێ دەكەین ئەگەر ڕەزامەندی لەسەر درا نامێنێ.
2- توێژینەوەكە لەدوو تەوەر پێك دێت یەكێك لە تەوەرەكانی ستراتیژییە كە پەیكەری ڕێكخستنی دامەزراوەیی حكوومەت لە خۆ دەگرێت و تەوەری دیكە دامەزراوەییە كە پەیكەری ڕێكخستنی فەرمانگەكانی حكوومەت لەخۆ دەگرێت.
3- تەوەرێكی دیكە تایبەتە بە یاساو ڕێساكانی ڕێكخەری فەرمانبەرێتی گشتی و لەوانە پێشنیاركراوە پرۆژە یاسایەكی ڕاژەی شارستانی هەرێمی كوردستان دابنرێت و ڕێسای پێناسە و پۆلینی فەرمانبەرایەتی و هەروەها ڕێبەری فەرمانبەری حكوومی لە هەرێم و ڕێبەری هەڵسەنگاندنی كارایی فەرمانبەرێتی و ڕێسای ڕێكخستنی كارگێڕی بۆ دامەزراوە یان فەرمانگە و هتد."
نێچیرڤان ئەحمەد دووپاتی كردووە لەم توێژنەوەیەدا بەپێ یاسا ڕێگاچارە بۆ زور كێشەوگرفت دانراوە؛ لەوانە كەمكردنەوەی دامودەزگاكان و میلاكات و هەروەها لەم توێژنەوە ژمارەی وەزارەتەكان لە (19) وەزارەت و (3) وەزیری هەرێم كەم دەكرێتەوە و، دەبێتە تەنها (10) وەزارەت. بۆ لادانی بازنەكانی ڕۆتین و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان بە شێوەیەكی خێرا پشت بە سیستەمی یەك دەروازە ""single window یاخۆد "one stop shop" بەستراوە.




