ڕۆمیۆ هەکاری: هێزە ئاشوورییەکەی دەستکردی حەشدیشەعبی، بەکرێگیراون و، ڕەتی دەکەینەوە

هەولێر-KDP.info- (ڕۆمیو هەكاری) سكرتێری حزبی بێتنەهرین دەڵێ، ئەو هێزەی کە حەشدیشەعبی و حکوومەتی عێراق لە کۆمەڵێک ئاشووری پێکیان هێناوە ئێمە ڕەتی دەکەینەوە و بەکرێگیراویان دەزانین.
(ڕۆمیو هەكاری) سكرتێری حزبی بێتنەهرین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "حكوومەتی عێراق دەیەوێ هەندێك هێز و لایەن چەكدار بكات، بۆ ئەوەی دوای ئازادكردنی مووسڵ كێشە بۆ كورد بنێنەوە، ئێمە وەك ئاشوورییەكان و حزبی بێتنەهرین، هێزێكمان هەیە، ئەویش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دروست كراوە و كارەكانی خۆی دەكات و، ئێستا لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ، بەرگری لە خاكی كوردستان دەكات."
گوتیشی: "بەڵام لەناو ئاشوورییەكان هێزی دیكە هەن، لەلایەن حەشدیشەعبی و حكوومەتی عێراق دروست كراون و، ئەوان پشتیان دەگرن، بەڵام ئێمە هەموو ئەمانە و ئەوانەی دیكەی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دروست كراون ڕەت دەكەینەوە و بەكرێگیراویان دەزانین، چونكە ئێمە پێمان وایە هەر هێزێك لە ڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بنیات نەنرابێت، پێمانوایە ناكرێت پێ بنێتە خاكی كوردستان و جموجۆلی سەربازی و هەر جموجۆلێكی دیكە بكات، هەر هێزێك بێت و بە هەر ناوێك دروست كرابێت، سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، چەند مانگێك باسی لەوە كرد، بێجگە لە هێزی پێشمەرگە، ناكرێت هێزەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان نزیك بكەونەوە، كە بەردەوامیش تەئكید لەو قسەیە دەكاتەوە، بۆیە ئێمەیش تەئكید لە قسەكانی سەرۆك بارزانی دەكەینەوە و ئاماژە بەوە دەكەین، جگە لە هێزی پێشمەرگە، هیچ هێزێكی دیكە لە هەرێمی كوردستان شوێنی نابێتەوە."
ڕابین شێروانی




