پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریكاوە پڕچەك دەكرێت

هەولێر-KDP.info- سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیێنێت، دوو لیوای هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریكاوە چەك و پێداویستیی سەربازییان پێ دەدرێت و، ئێستایش مەشقیان پێ دەكرێت.
فەریق (جەمال محەممەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "فەوجی یەك لە لیوای 1 و فەوجی یەك لە لیوای 2، لە 28ـی ئەم مانگەدا دەستیان بە مەشق و راهێنان كردووە و، لەلایەن ئەمەریكاوە دێنە پڕچەككردن و ماوەی سێ مانگ بەرنامەی مەشقەكەیان بۆ دانراوە".
فەریق (جەمال) گوتیشی: "مەشقپێكردنی ئەو هێزەی پێشمەرگە لەسەر چەك و شەڕی ناوشار و جۆرەكانی شەڕ دەبێت بە تایبەت ئەو ڕاهێنانانەی كە پێویستن لەناو كاری سەربازیدا".
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر ڕوونی كردەوە: "هەر لەشكر و هێزێك هەبێت لە جیهان، بە بەردەوامی پێویستیان بە مەشق و ڕاهێنان هەیە بۆ دووبارە رێكخستنەوەیان و كەموكوڕییەكانیان بە مەشق و راهێنان تەواو دەكرێن، ئەو مەشقەیش بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان سوودی زۆری دەبێت".
نەشوان بەرزنجی




