٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاتی سەردانەكەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەمەریكا، دیاری نەكراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە، وەك تەواوكەری هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دیکەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریكاوە، سەردانی ئەمەریكا دەكەن.

 

(هەڵگورد حیكمەت)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە چوارچێوەی هەوڵی دیپلۆماسیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە جۆری پەیوەندییەكانی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی و هەرێمی كوردستان، كە ماوەیەك پێش ئێستا شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایان كرد، بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەو هەوڵە و بۆ گەیاندنی داواكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و زیاتر تێگەیاندنی ئیدارەی ئەمەریكا و دەزگاكانی تایبەتمەندی ئەو وڵاتە سەبارەت بە هاوكارییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە وەك تەواوكەری ئەو هەوڵە دیپلۆماسیانەی حكوومەتی هەرێم سەردانی ئەو وڵاتە دەكات و لەگەڵ دەزگای پەیوەندار لە ئەمەریكا كۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی جۆری هاوكارییەكانی هێزی پێشمەرگە لە ئێستادا بخرێتە پێش چاوی ئیدارەكەیان".

(حیكمەت) گوتیشی: "بە سەرۆكایەتیی (كەریم شنگالی) وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت، لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا ئەم سەردانە ئەنجام دەدرێت، بەڵام رۆژ و كاتەكەی دیاری نەكراوە و ناتوانین بڵێین ئەم وادەیە سەردان دەكەن".
 

فایزە پاڵانی

هەواڵی پەیوەندیدار