ئەنجوومەنی پارێزگا، بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە رزگارکردنی مووسڵدا رەت كردەوە

مووسڵ-KDP.info- ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ كۆ بووەوە و بە زۆرینەی دەنگ بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا رەت كردەوە، چونكە پێیان وایە كێشەیەكی گەورە دەنێتەوە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزێزگای مووسڵ (هاشم بریفكانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵدا، دوای گفتوگۆ و گەنگەشەیەكی درێژ لەبارەی بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا، بە زۆرینەی دەنگ بەشداریكردنی حەشی شەعبی لەو پرۆسەیەدا رەت كرایەوە".
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزێزگای مووسڵ گوتیشی: "ئەگەر حەشدی شەعبی بەشدار بێت، كێشەیەكی گەورە دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی خەڵكی مووسڵ دژی بەشداریپێكردنی حەشدی شەعبین لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا، چونكە داعش پروپاگەندەی بڵاو كردووەتەوە كە حەشدی شەعبی دێتە مووسڵ و ماڵان دەسووتێنێت و تەعەدا لە خەڵك دەكات، بۆیە ئێمەیش بڕیارمان دا كە بەشدار نەبن، بۆ ئەوەی ئەو دەنگۆیەی داعش بە درۆ بخرێتەوە".
بڵند ئیبراهیم




