٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەد مەلاقادر: ئاواتی بارزانیی نەمر سەربەخۆیی بوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  (محەممەد مەلاقادر) له‌ ساڵیادی کۆچی دواییی باوکی ڕۆحی (مستەفا بارزانی)دا، بۆ ئەو مافەی تائیستایش گەلی کورد ھەوڵی بۆ دەدات، سەرنجمان دەخاتە سەر گوتارێکی ساڵی (1967) کە (بارزانیی نەمر) لە کۆنفرانسێک رایگەیاندووه‌: (ئێمە میللەتێکین ستەممان لێ کراوە، بۆ ئەوە ھەوڵ دەدەین ئەم ستەمەمان لەسەر نەمێنێت، دەمانەوەی ئەوەی بۆ میللەتی عارەب و تورک دەکرێت بۆ ئێمەش بکرێت کوردیش ئەو حەق و مافەی ھەبێت ئێمە داوای مافی ڕەوای خۆمان دەگەین).

(محه‌ممەد مەلاقادر) ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێوەست بە ساڵیادی کۆچی دوایی (مستەفا بارزانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیمورکراتی کوردستانی راگەیاند: "لەم ڕۆژەدا خۆم لە ئێران بووم، بە ڕاستی ئەم رۆژە رۆژێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ گەلی کورد، خەڵکی ھەموو دەگریان و دواتر تەرمەکەیان ھێنایەوە و لە شاری (شنۆ) بە خاک سپێردرا لە گۆڕستانێک، کە دواتر نێو لە گۆڕستانەکە نرا (بارزان ئاباد)."

(محەممەد مەلا قادر) دەڵێ، (بارزانیی نەمر) لە دێڕێک و دوو دێڕدا باس ناکرێت و ئه‌و له‌ وەسف گەورەترە، چونکە ژیانێکی سەختی بەڕێ کردووە و لە تەمەنی منداڵییەوە لە زیندان بووە، بە داخەوە ھەموو تەمەنی لە خەباتدا بووە لە شۆڕشەکانی بارزان، دەوری گەورەی ھەبوو لە سەرکردایەتیی شۆڕش، چەندی لەسەر بنووسرێت گەورەیی ئەو پیاوە گەورەیەی فەرماندەی شۆڕشی ئەیلوول ھێشتا کەمە، بەڵام بەداخەوە پلانێک داڕێژرا لە لایەن رۆژئاواو و رۆژھەڵات و لەلایەن دراوسێکانیشمانه‌وه‌، ھاوڕا بوون لەوەی شۆڕشی کورد سەر ببڕن و لەناوی ببەن. شۆڕشێكی مه‌زن كه‌ بارزانی ڕابه‌رایه‌تیێكی دادپەروەرانه‌ی ده‌كرد، رێکخستنێکی کارگێڕی، سەربازی و رۆشنبیری ھەبوو؛ ھەموو کات دادپەروەریی بارزانی لەكۆی كایه‌كاندا هه‌بوو. ڕاستییه‌كه‌ی وابوو كه‌ بڵێم (بارزانی چرایەکی رۆشن بوو بۆ کورد ھەڵ بوو)، بەڵام بێگومان چاره‌نووس وایه‌ و ھەموو کەسێک دەمرێت، بۆیە تەنھا مردن دەرەقەتی بارزانی ھات، دەنا ھیچ کەسێک نەیتوانی بارزانی لە خەبات و لە تێکۆشان دوور بخاتەوە".

(مەلاقادر) به‌ ڕسته‌یه‌ك بیرمان بۆ ڕۆحی سه‌ربه‌خۆییخوازیی مسته‌فا بارزانیی نه‌مر ده‌باته‌وه‌ و ده‌ڵێ: "کاتێک بارزانی لە کۆنفرانسێک لە گوتارێکی سەربازیی و سیاسیداكه‌  ساڵی (1967)دا بوو دەیگوت "(ئێمە میللەتێکین ستەممان لێ کراوە بۆ ئەوە ھەوڵ دەدەین ئەم ستەمەمان لەسەر نەمێنێت، دەمانەوەی ئەوەی بۆ میللەتی عارەب و تورک دەکرێت بۆ ئێمەش بکرێت، کوردیش ئەو حەق و مافەی ھەبێت ئێمە داوای مافی ڕەوای خۆمان دەکەین)؛ بارزانیی نه‌مر باسی وشەیەکی دیاریکراوی نەکرد و نەیگوت سەربەخۆیی یان فیدڕاڵی، بەڵکو ئەوەی دەیویست ئەوە بوو وەک ئەو میللەتانە بژین و خاوەنی دەنگی خۆمان بین، خاوه‌ن مافی ڕەوای خۆمان بین و ئەو ستەمە لەسەر خۆمان لابدەین، ئێمە بۆ ئەوە خەبات دەکەین و تێدەکۆشین، له‌ راستیدا ئەمانە ئامانج و ئاواتی بارزانی بوون و ھەوڵی بۆ ئەوە دەدا، بۆی رێکبکەوتایە لەوکاتەدا داوای حوکمی زاتی دەکرد، لە بەیاننامەی (11ی ئازاری 1970) ئەو بەرنامەیەی ئێمە وەک سەرکردایەتیی پارتی رێککەوتین لەسەری لەگەڵ حیزبی بەعس حوکمی زاتی بوو، خۆ حوکمی زاتی بچووکترە لە سەربەخۆیی، بەڵام له‌وكاتدا شتێکی زۆر گەورە بوو، كه‌چی بە داخەوە حیزبی بەعس ھەر لە سەرەتاوە کاری تێکدان بوو، هه‌ربۆیه‌ دووجاریش ھەوڵیان دا بۆ تیرۆركردنی بارزانی نەمر".

ئه‌و سیاسه‌توانه‌ كورده‌ زۆرتر جه‌خت له‌سه‌ر ئامانجه‌ مه‌زنه‌كه‌ی بارزانیی نه‌مر ده‌كاته‌وه‌ و گوتی: "لەمانەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە ئامانج و ئاواتی بارزانی سەربەخۆییی کوردستان بووە، تا گەلی کورد دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆی ھەبێت، بەڵێ نەیدەویست پاروویێک بخوات پێی قوت نەدرێت، بۆیە نەیدەویست ئەوکات سەربەخۆیی بکرێت، بەڵام لە ماددەی (15)ی پڕۆگرام و پەیرەوی حیزب مافی چارەنووس ھەبوو. ئاخر بارزانی بۆ ئەوە خەباتی دەکرد، كه‌ بەداخەوە ئەوکاتە كورد دۆستی کەم بوو و دوژمنی زۆری ھەبوو، وەک ئێستا نەبوو، ئێستا لەگەڵ ئەوکاتدا زەوی و ئاسمانی فەرقە، ئیستا کورد وڵاتانی ئەفریقا و ئەمه‌ریکای لەگەڵە، ھیواخوازین ئەو روئیایەی بارزانی ھەیبوو بۆ سەربەخۆیی، لەسەردەستی (مەسعوود بارزانی) رابگەیەنرێت.''

فایزە پاڵانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار