مەحما خەلیل: رێكاری یاساییمان گرتووەتە بەر.. پەكەكە بارەگاكان چۆڵ ناكات

شنگال-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی شنگال دەڵێت، پەكەكە تاوەكو ئێستا ئامادە نییە بارەگاكا حكوومییەكان لە شنگال چۆڵ بكات، بۆیە رێكاری یاساییان گرتووەتە بەر.
(مەحما خەلیل)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تاوەكو ئێستا پەكەكە لە شنگال چەند بارەگایەكی چۆڵ نەكردووە و تێیدا ماون، هەر جارە و باس لەوە دەكەن چۆڵیان دەكەن و دواتریش درۆ دەردەچێت و، بیانووی ئەوە دەگرن كە پێویستە بەغدا فەرمانیان پێ بكات هەتاوەكو چۆڵی بكەن، چونكە وەك خۆیان دەڵێن، سەر بە بەغدان".
گوتیشی: "ئێمە رێكاری یاساییمان لە بەرانبەر پەكەكەدا گرتووەتە بەر و، ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵیش فەرمانێكی دەركردووە و تێیدا بەغدایان تۆمەتبار كردووە كە پەكەكە ئەو بارەگایانە چۆڵ ناكات".
(خەلیل) رەخنەیشی لە حكوومەتی عێراق گرت كە تاوەكو ئێستا هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ ئەوەی دووبارە شنگال ئاوەدان بكرێتەوە و تەنیا ناو شنگال خاوێن كراوەتەوە، كە ئەمەیش لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە.
بڵند ئیبراهیم




