هۆكاری هێرشەكەی داعش بۆ سەر ناوچەی ئەبوغرێب ئاشكرا بوو

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دەستپاكی دەڵێ، هۆكاری هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەی ئەبوغرێب، بۆ ئەوە بووە كە سایلۆیەكی لێ بووە و گەنمی ئەو سایلۆیەیان بۆ خۆیان بردووە و ئەوەی دیكەیشیان سووتاندووە، بۆیە لە ئێستادا هیچ مەترسییەك لەسەر بەغدا نەماوە.
(د. ئەردەلان نوورەدین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەی ئەبوغرێب و نزیكبوونەوەیان لە بەغدا، هیچ مەترسییەكی نییە، لەبەر ئەوەی ئێستا دوور كەوتوونەتەوە و دووبارە ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە كۆنترۆڵ كراوەتەوە.
(نوورەدین) گوتیشی، مەبەستی ئەو هێرشەی داعش بۆ سەر ناوچەی ئەبوغرێب، بۆ ئەوە بووە كە سایلۆیەكی كۆكردنەوەی گەنمی لێ بووە و ئەو گەنمەی تێیدا بووە هێندەی توانیویانە بردوویانە و ئەوەی دیكەیشیان سووتاندووە.
تیرۆریستانی داعش، پێش دوو رۆژ هێرشیان كردە سەر ناوچەی ئەبوغرێب و دواتریش چەند ناوچەیەكیان كۆنترۆڵ كرد، دەنگۆی ئەوەیش بڵاو بووەوە كە ئەو هێرشە مەترسی بۆ سەر بەغدای پایتەختیش هەیە و تیرۆریستانی داعش وێنەی گرتنی ئەو ناوچانەیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كردەوە.
بڵند ئیبراهیم




