٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داعش جلی ژنانیان لەبەر كردبوو.. پیلانەكەیان پووچەڵ كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

تەلەعفەر-KDP.info-   فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە سنووری شارۆچكەی تەلەعفەر دەڵێت، تیرۆریستانی داعش پیلانیان دانابوو بۆ ئەوەی هێرش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە بكەن كە جلی ئافرەتانیان لەبەر كردبوو تا نەناسرێنەوە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە هاوكاریی فڕۆكە جەنگییەكان بۆردوومانیان كردن و پیلانەكەیان پووچەڵ كردەوە.

فەرماندەی لیوای هەشتی هێزی پێشمەرگە لە سنووری شارۆچكەی تەلەعفەر لیوا (هاشم سیتەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە ئێستادا تیرۆریستانی داعش توانای هێرشكردنیان نەماوە وەكو جاران و تەنیا هەندێك جارا هاوەن دەهاوێن، ئەگەر نا هێزیان زۆر كەم بووە و ورەیشیان ڕووخاوە.
(سیتەیی) گوتیشی، پێنج تیرۆریستی داعش لە ناوچەی گولات لە مەفرەقی شەبابیك خۆیان لە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە نزیك كردبووەوە كە جلی ئافرەتیان لەبەر كردبوو بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە و چەند هاوەنێكیشیان ئاڕاستەی پێشمەرگە كرد، بەڵام هێزی پێشمەرگە زوو پێی زانی و بە هاوكاریی فڕۆكە جەنگییەكان بۆردوومانیان كردن و پلانەكەیان شكستی برد.

دەشڵێت، بۆردوومانی هاوەنەكانی داعش، هیچ زیانی نەبووە و تیرۆریستان هەر زوو هەڵاتن.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە راشیگەیاند، داعشی بیانی زۆر كەم بوونە و ئەوانەی ماون، زیاتر خەڵكی ناوچەكەن.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار