٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بانگه‌وازێك له‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێ، لە یەكی ئاداردا، دەبوایە پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی یاسایی و ئاسایی و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی، دانیشتنە ئاساییەكانی لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان دەست پێبكاتەوە و، بەڵام هەمان هۆكاری پێشتر كە بووە هۆی پەكخستنی پەرلەمان لە ئەركە هەرە گرینگه‌كه‌ی خۆی، بەردەوامە؛ (جه‌عفه‌ر ئێمینكی) له‌ بانگه‌وازێكیدا داوا ده‌كات، په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌ و كۆتایی بەم بارودۆخە نالەبارە بهێرێت.

له‌ بانگەوازێكدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كه‌ ئاراسته‌ی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و گشت هێزە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان و ڕای گشتی كردووه‌، ئاشكرای ده‌كات كه‌، به‌ هۆی به‌رده‌وامیی دۆخی هه‌نووكه‌یی په‌رله‌مانی كوردستان، هەست بە ئیحراجێكی زۆر دەكەن، تكایش دەكات كۆتایی بەم وەزعە نالەبارە بهێنرێت بۆ ئەوەی ئەم دەزگا تەشریعییە بتوانێت جارێكی تر ئەركەكانی جێبەجێ بكات.

ده‌قی بانگه‌وازییه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان:

لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، یەكی ئادار، دەبوایە پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی یاسایی و ئاسایی و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی، دانیشتنە ئاساییەكانی لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان دەست پێبكاتەوە و، بەردەوامی بە پرۆسەی یاسادانان بدات و بەگەڕی بخات، بەڵام دیارە هەمان هۆكاری پێشتر كە بووە هۆی پەكخستنی پەرلەمان لە ئەركە هەرە گرینگی خۆی، بەردەوامە، بۆیە جارێكی تر داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین زیاتر لە جاران هەوڵی كاراكردنی پەرلەمان بدەن و كۆتایی بەم بارودۆخە نالەبارە بێنن.
ئێمە وەكو ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەست بە ئیحراجێكی زۆر دەكەین، بۆیە تكا دەكەین كۆتایی بەم وەزعە نالەبارە بهێنرێت بۆ ئەوەی ئەم دەزگا تەشریعییە بتوانێت جارێكی تر ئەركەكانی جێبەجێ بكات، بەتایبەتیش لەم قۆناغە هەستیارەدا كە هەرێمی كوردستان تیایدا تێپەڕ دەبێت، كە یاسای گرینگ و بڕیاری چارەنووسسازمان لە پێشە.

جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
1/3/2016
 

هەواڵی پەیوەندیدار