٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''بەهۆی سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی و پێگە نێودەوڵەتییەكەی، هەوڵ دەدرێ سایكس پیكۆ نەمێنێ''

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info-  (عەلی حوسێن) دەڵێ، لەئێستادا بەهۆی بوونی پێگەی نێودەوڵەتیی و سیاسەتی حەكیمانەی (سەرۆك بارزانی)، هەوڵ دەدرێ رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ بسڕێته‌وه‌. (د.ئەمین فەرەج)ـیش پێی وایە "دەبێ ئێمەی كورد یەكگوتار و یەكهەڵوێست و یەكگرتوو بین، بۆئەوەی لە نەخشە نوێیەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مافەكانمان دەستەبەر بكەین."
 
(عەلی حوسێن) بەرپرسی لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە 16ـی مانگی پێنجی ئەمساڵدا، سەد ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی سایكس پیكۆدا تێدەپەڕێ، كاتی خۆیشی كە ئەم رێككەوتننامەیە مۆر كرا لەنێوان فەرەنسییەكان و بەریتانیاییەكان بوو بۆ بەرژەوەندی و دابەشكردنی ناوچەی نفوزی خۆیان. كاتێكیش بە شێوەیەكی نادروست دەوڵەتی عێراقیان دروست كرد، له‌ سایه‌یدا تا ئەمڕۆكه‌یش گەلانی عێراق خێریان لەخۆ نەدیوه‌، چونكە بە ئیرادەی ئەوان ئەم عێراقە دروست نەبووە. ئێستاكه‌یش وردە وردە نەخشەی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی، عێراق و سووریا بەتایبەتی، دەگۆڕێت و مەرج نییە سایكس پیكۆ هەر بەردەوام بێت."
 
(عەلی حوسێن) جەختی كردەوە: "گەلی كورد لە سایەی سایكس پیكۆدا دووچاری ئەنفال و جینۆساید و كاولكاری و قڕكردن بووەوە، دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقیش دیسانەوە كورد خواستە دەستوورییەكانی جێبەجێ نەكرا و لە مافەكانی خورا. كاتی خۆی رەوشەكە لەبار نەبوو بۆ سەركردە سیاسییەكانی كوردستان و بوار نەڕەخسا كە بە تەواوی هەرەس بەم رێككەوتنە بێنن، بەڵام لەئێستادا بەهۆی بوونی پێگەی نێودەوڵەتیی و سیاسەتی حەكیمانەی (سەرۆك بارزانی)یه‌وه‌، هەوڵ دەدرێ ئەم رێككەوتنە بسڕێته‌وه‌. سەرەڕای ئەوەش خەبات و تێكۆشانی میللەتی كورد و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگە، هۆكارگه‌لی بەهێزن بۆئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە نەخشەی سیاسیی دابێ، له‌ هاوسه‌نگیی نوێی ناوچه‌كه‌دا، پێگه‌ی كورد بەرز رابگرێت."
 
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی‌ پارتی ئاماژەیشی دا: "كورد دوای یەكەم جەنگی جیهانی و دووەمیش، بەشێك نەبووه‌ لە هاوكێشەی سیاسی و ئابووری و سەربازی، بەڵام ئێستا گەلی كورد و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، بەشێكی گرینگە لە هاوكێشە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكان. ئێستا گرینگە كە ئێمەی كورد ناوماڵی خۆیان یەك بخەین و خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكە روو دەدات و پێگەیەكی باش بۆ خۆمان دابین بكەین."
 
هاوكات (د.ئەمین فەرەج) پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ رێككەوتننامەیەكی نهێنی بوو كە لە ساڵی 1916دا مۆر كرا، دواتر بە چەندین رێككەوتننامەی تری وەكو سان ریمۆ و ئینتیداب و چەندانی ترەوە جێبەجێ كرا. ئێستایش بۆ ئەوەی دووبارە سنوورە جیۆگرافییەكانی ناوچەكە دابرێژرێتەوە، دەبێ رێككەوتننامەیەكی تر بێتە ئاراوە، لەلایەن وڵاتە زلهێزەكانی ئەم سەردەمە."
 
ئەم پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان روونی كردەوە: "ئێستا نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە كرداری گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، عێراق و سووریا و لیبیا و چەند وڵاتیكی دیکە، بوونەتە چەند پارچەیەك و تەنها لە ڕووی یاسایییەوە ماونەتەوە، بەڵام تائێستا هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بكەری سەرەكی نین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، لە چوارچێوەی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكاندا دەسووڕێینەوە. بۆیە دەبێ ئێمەی كورد یەكگوتار و یەكهەڵوێست و یەكگرتوو بین، تا لە نەخشە نوێیەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مافەكانمان دەستەبەر بكەین."
 
سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار