دوو سەرکردە دەستگیرکراوەکەی داعش دەڵێن بۆ پارە چوونەتە نێو داعش

ئەمەریکا-KDP.info- دوو سەرکردەی پێشووی داعش کە بەم دواییانە خۆیان دا بە دەست کاربەدەستانی ئەفغانستانەوە ئاشكرایان كرد لە بەر پارە چوونەتە نێو ئەو ڕێکخراوە توندڕەوەوە نەک بە هۆی بیروڕایان.
شارەزایان دەڵێن ئەمە تیشک دەخاتە سەر جیاوازییەکان لە نێوان ئەوانەی لە عێراق و سووریا و ئەفغانستانەوە دەچنە ناو داعشەوە، هەروەها دەشڵێن داعش دیاردەیەکی ئاڵۆزە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بە جیاواز کار دەکات.
ئەو دوو پیاوەی کە پێشتریش تاڵیبان بوون دەڵێن هیچ پەیوەندییەکیان بە داعشەکانی سووریاوە نییە و بیرۆکەی جیاکردنەوەی خەلافەتێک لە تەواوی جیهانیان پێ باش نییە.
یەکێک لەو دوو سەرکردەیە، ناوی عەرەبستانە؛ ئەو دەڵێ: "من بەو شاخەوە بێئومێد بووین، نە کار بوو نە ژیان، تەنها چەکمان پێ بوو؛ ئەوان مانگانە 10هەزار ڕوپیەی پاکستانیان پێ دەداین کە دەکاتە نزیکەی 100 دۆلار و ئێمەش بووین بە داعش."
عەرەبستان کە تەمەنی 50 ساڵانە دەڵێت هەرگیز نەچۆتە قوتابخانە و 9 منداڵی هەیە. زەیتوون کە ئەویش تەنها یەکەم ناوی خۆی ئاشکرا کردووە دەڵێت تەمەنی نزیکەی 40 ساڵانە و هەشت منداڵی هەیە و نزیکەی 15 ساڵی لەو شاخانەدا بەسەر بردووە، بەر لەوەی بچێتە نێو داعش.
بەڵام پاش 10 مانگ کار لەگەڵ داعشدا ئەوان دەڵێن چیتر خۆیان پێ ڕانەگیراوە و لەگەڵ پیاوماقووڵانی خێڵەکان قسەیان کردووە بەشکەم حکوومەتی ئەفغان، پەنایان بداتەوە.
زەیتوون دەڵێت کاتێک کە چومە ناو ئەو گروپەوە ئەوان دەیانگوت شەریعەتی ئیسلام دەچەسپێنن بەڵام ئەوان خەڵکیان تاڵان دەکرد، سەری خەڵکیان دەبڕی، بۆمبیان دەبەست لە خەڵکی. ئێمە نەمانتوانی ئەمانە ببینین و بڕیارمان دا بگەڕێینەوە ناو خەڵکی خۆمان و وڵاتی خۆمان. هەروەها گوتیشی داوایشیان لێ کردبوون ئەندامانی هێزی لەشکری ئەفغان و ڕێشسپییەکانی خێڵەکان بکوژن و ئەوانەش کە کاریگەریان بەسەر کۆمەڵگاوە هەیە.
شایانی باسە دەڵێن گروپی داعش لە فغانستان ڕەنگە پەیوەندیی بە سووریا و عێراقەوە نەبێت، سەرکردەکانی پێشووی داعش دەڵێن ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە سووریا و عێراقەوە نەبووە و هیچ سوریاییەک یان عێراقییەکیان نەبینیوە لەو کاتەی کە لەگەڵ داعش کاریان کردووە.




