"گەر یەکیەتیی ئەورووپا پارە بداتە عێراق، دەبێ پشکی هەرێمیشی لێ بدرێ"

هەولێر-KDP.info- نوێنەری یەکیەتیی ئەورووپا لە عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆ بەردەوامە بۆ ئەوەی بە بانكە ئەوروپاییەکەی 'وەبەرھێنان'ـدا پارە بنێردرێتە عێراق، ئاماژەی بەوەش كرد جەخت لەوە دەكەنەوە بەشی ھەرێمی كوردستان لەو پارەیەدا ھەبێت.
لە وتارێكدا لە هەولێر لە بارەی دۆخی ھەرێمی كوردستان و عێراق پاتریك سیۆنیت، نوێنەری یەکیەتیی ئەورووپا لە عێراق، ڕایگەیاند: "ئێستا یەکیەتیی ئەوروپا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حكوومەتی عێراق، لە ھەمانكاتدا حكوومەتی ناوەندیی گفتوگۆ دەكات لەگەڵ بانكی 'وەبەرھێنان'ـی ئەورووپا، لەو گفتوگۆیانەدا نوێنەرێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ئامادەیە، بیرۆكەكە ئەوەیە گفتوگۆ بەردەوام بێت تا بانكی ئەوروپا بۆ وەبەرھێنان بێتە عێراق."
گوتیشی: "گفتوگۆكە هێشتا سەرەتایەتی، بەڵام ئێمە وەكو یەکیەتیی ئەوروپا ئاگاداری وتوێژەكانین و جەخت دەكەینەوە لە ھەر ڕێككەوتنێك ئەگەر یەکیەتیی ئەوروپا پارەی دا بە عێراق، نابێ ھەرێمی كوردستان لە یاد بكرێت."
پاتریک سیۆنیت ڕاشیگەیاند: "ئێمە وەك نوێنەری یەکیەتیی ئەورووپا لە عێراق ڕۆڵی ھەماھەنگیی سەربازیی نابینین، بەڵام ئەوەی من ئاگادارم و دەزانم وڵاتە ئەوروپییەكان خۆیان ھاوكاریی سەربازیی پێشكەش بە عێراق بە گشتی و پێشمەرگە بە تایبەتی دەكەن."
ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەوەی ئێمە لێرە دەیكەین ھاوكارییەکی ناسەربازییە؛ ئەویش ھاوكاریكردنی ئاوارەكانی ناوخۆیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵە ئازادکراوەکەیان."
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی تێچووی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان عێراق و هەرێمی کوردستان دوچاری قەیرانی دارایی بوونە.




