٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: بە ڕێکارەکانی چاکسازییەوە پابەندین.. پێویستە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی واقیعبینانەتر لە هەرێم بڕوانێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپای ڕاگەیاند، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و بەتایبەتی دۆستان و هاوپەیمانان هاوكاریی هەرێمی كوردستان بن و واقعبینانەتر سەیری ڕەوشی هەرێمی كوردستان بكەن. گوتیشی، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشكی هەرێمی كوردستان لەو قەرزانە دابین بكات كە بە حكوومەتی عێراقی دەدات.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز (پاتریك سیمۆنێ) باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد، كە لە جێگری باڵیۆز و بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەولێر پێكهاتبوو.

لە دیدارێكدا (سیمۆنێ) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتیی ئەورووپا دەربڕی و، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵیان؛ جەختیشی لەسەر پەیامی پشتگیری و پشتیوانیی یەكێتیی ئەورووپای بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و پوختەیەكیشی دەربارەی ئەرك و چالاكییەكانی نێردەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان و عێراق خستە ڕوو.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان لە نزیكەوە ئاگادری ڕەوشی هەرێمی كوردستانن و، ستایشی ڕۆڵی خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و كردنەوەی باوەش بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و لەمبارەیەشەوە ڕەچاوی بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكەن. هەروەك ئاشكرای کرد كە لە ماوەی سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان بۆی دەركەوتووە گەورەترین هەڕەشە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووبێتەوە، قەیرانی دارایییە.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست؛ ئامادەییی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ هەر هاریكاری و هاوكارییەك پیشان دا. دواتر (نێچیرڤان بارزانی) پوختەیەكی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەو تەحەدیاتانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، خستە ڕوو، لەوانەش بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، شەڕی تیرۆریستانی داعش، هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان و دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت كە هەموویان كاریگەریی زۆر نەرێنییان لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان هەبوو.
(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها ئاماژەی بە پابەندبوونی حكوومەتی هەرێم بەو ڕێكار و چاكسازییانە كرد كە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی دایناون و، بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێم هیوا دەخوازێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و بەتایبەتی دۆستان و هاوپەیمانان هاوكاریی هەرێمی كوردستان بن و واقعبینانەتر سەیری ڕەوشی هەرێمی كوردستان بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) باسی لە كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و جەختی لەوە كردەوە گەر بەغدا نیازی ڕاستەقینەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەبێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕوایەكی تەواوی بەوە هەیە کە بە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەری بۆ سەرجەم كێشەكان بدۆزرێتەوە، بەتایبەتی لەم هەڵومەرجەدا كە هەردوولا ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بوونەتەوە. جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشكی هەرێمی كوردستان لەو قەرزانە دابین بكات كە بە حكوومەتی عێراقی دەدات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار