عهبدوڕەحمان سدیق: ھەر ساتێک دواکەوتن لە ئەنجامدانی چاکسازی، دواکەوتنە لە چارەسەر

ھەولێرKDP.info- توێژەر و چاودێری سیاسی(عهبدوڕەحمان سدیق) دەڵێ، پێویستە زۆر بە وریایی و نەفەسی درێژ و ھەستیارییەوه مامەڵە لەگەڵ دۆخی ههنووكهییدا بکرێ و، ئهو پاکێجی راسپاردانەیش کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەک نەخشەڕێگا خستییە ڕوو، به بەردی بناغەی ھەر رێگەچارەیەک ناو دهبات.
ئهو توێژەرهی ئەنیستیتۆتی توێژینەوەی نیشتمانی لهسهر ئهو باوهڕهیه كه، سەرھەڵدانی قەیران لە ژیانی حزبی و حکوومیدا شتێکی چاوەڕوانکراوە، دەیان نموونەی بەرچاویش لە ڕابردوو و ئێستادا ھەن لە جیھاندا کە شایەتیی بۆ ئەو قسەیە دەدەن و، ئهوه دهخهنه ڕوو كه، خۆڕاگری و ھەبوونی رێگەچارەی زانستی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووان، دەبنە ڕێ نیشاندەر بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی قەیران و بنیاتنانی پاشهڕۆژێكی گەش بۆ گەل و وڵات.
(عەبدوڕەحمان سدیق)، لەبهر ڕۆشنایی فهرمانهكانی چاکسازی كه سەرۆک (مەسعوود بارزانی)، كه بۆ نێوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و ههروهها حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دهریكردن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی، پێشنیازی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە قەیراناوییه دهخاته ڕوو و، به پێویستی دهزانێ زۆر بە وریایی و نەفەسی درێژ و ھەستیارانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ و کار بە پاکێجی ئەو راسپاردانەی کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەک نەخشەڕێگا خستییە ڕوو بكرێ، كه وهك ئهو توێژهره به بەردی بناغەی ھەر رێگەچارەیەک ناوی دهبات.
(عەبدوڕەحمان سدیق) به گرینگی دهزانێ كه، ''ههرچی زووه كار بكرێ له (پڕۆژەی ریفۆرمی دارایی) وەک رێگەچارەیەک بۆ دەرچوون لە بازنەی قەیرانەکە و خۆدوورگرتن لە کات بەفیڕۆدان، چونکە ھەر ساتێک دواکەوتن لە ئەنجامدانی چاکسازی، دواکەوتنە لە چارەسەر، پەیڕەوکردنی سیاسەتی شەفافیەت بۆ بەشداریپێکردنی ھەمووان لەھەڵگرتنی بەشێکی بەرپرسیارییەتییەکان".
(سدیق) گوتیشی: "کارکردن بە گیانی کۆکاری و یەک تیمی، زیاتر بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری لەبارەی خەرجکردنی داھاتەکان لە سەردەمی قەیراندا، بایەخدانی زیاتر بە پێشنیاز و پڕۆژە خۆماڵییەکان، چونکە لە واقیعی خۆمان و لەنێو خۆمانەوە نزیکن و ڕەچاوی زۆرێک لە رەھەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردەوارییان کردووە".
(عهبدوڕهحمان سدیق) ھیوای وایە، ''بە ھەمووان بتوانین ئەم قۆناغە تێپەڕێنین بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر و، بە سوودوەرگرتن لەم قەیرانەش زیاتر و وردتر لە بیری پاشهڕۆژدا بین لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە، لە سەردەمێکدا کە ئابووری ئاسانکاری بۆ ئامانجە سیاسییەکانی ھەر وڵات و ھەرێمێک دەکات".
فایزە پاڵانی




