وەزارەتی خوێندنی باڵا هەواڵێکی کەیئێنئێن و سایتی سبەی بەدرۆ دەخاتەوە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیێنێ کە لەو چەند ڕۆژەدا کەناڵی کەیئێنئێن و سایتی سبەی هەواڵێکی چەواشکارانەی پڕ لە درۆیان بڵاو کردەوە گوایە گەندەڵیەکی وەزارەتی خوێندنی باڵایان ئاشکرا کردووە! وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرباری ڕەتکردنەوەی تەواوی زانیارییەکانی ناو هەواڵەکە، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە تەواوی زانیارییەکان درۆی شاخدارن و دوورونزیک پەیوەندییان بە ڕاستییەوە نییە.
دەقی راگەیاندراوەکە:
- لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو "خاتوونە خێزانی لێپرسراوێکی دامەزراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیە"، لە ڕاستیدا دکتۆرە سۆفیا ئایوانیدۆ خێزانی هیچ لێپرسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نییە، بەڵکو هاوسەرەکی ناوی د. دیرک ئایوانیدۆیە، کە بە ڕەگەز ئاڵمانیە و پێکەوە لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی بۆ ماوەی ٤ ساڵە کار دەکەن و، کارەکانیشیان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک جێبەجێ کردووە.
- سەبارەت بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە نوێکردنەوەی گرێبەست لە دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نیە، بەڵکو وەزارەت ساڵانە سەرجەم گرێبەستەکان لەسەر داوای دەزگا و دامەزراوەکانی بەرز دەکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، هەر کاتێکیش ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکان پیشان دا، ئەو کات دامەزراوەیی پەیوەندارە گرێبەستەکەی لەگەڵ نوێ دەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە ساڵی ٢٠١٦ تا ئێستا بەهەمان سیستمی نوێکردنەوەی گرێبەست، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی ٣٢٩ کەس داوە، نوێکردنەوەی گرێبەستی دکتۆرە سۆفیا ئایوانیدۆ ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا نەخۆشە و لە دەرەوەیە لەلایەن دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی گرێبەستەکەی بۆ نوێ نەکراوەتەوە، بۆیە فرمانی کارگێڕی گرێبەستەکەی بۆ دەرنەکراوە و، دەستبەکار نەبووەتەوە، هەر کاتێک دەستبەکار بووەوە و فەرمانی کارگێڕیی بۆ دەرچوو لەو کاتەوە مووچەکەی بۆ ئەژمار دەکرێت.
- دکتۆر سۆفیا ئایوانیدۆ پڕۆفیسۆرێکی بەناوبانگی بواری بایەلۆژیەوە و، لە ماوەی کارکردنیشدا لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی لە ٦ پڕۆژەدا کاری کردوەو، لە ئێستاشدا لە ٣ سێ پڕۆژەی دیکەدا بەشدارە، تاقیگەی بۆ دەستەی کوردستانی دروست کردووە و، چەندین کادیریشی پێگەیاندوە، لە هەمان کاتدا توێژینەوەی ئاست بەرزی جیهانی ئەنجامداوەو پەرتوکێکیشی لەسەر بایەلۆژی کوردسان لەژێر چاپدایە، هەروەک لە پڕۆژەیKurdish Genom لەگەڵ نەمسا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەشدارە.
- سەبارەت بەبڕی پارەکەش کە لە هەواڵەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، بۆ ڕای گشتی ئەوە ڕوون دەکەینەوە کە بە پێی ڕێنمایی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، زۆربەی ئەوانەی خاوەن بڕوانامەی باڵان و پسپۆڕی بیانین و لە دامەزراوە جیاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت، ئەو بڕە مووچەیەی بۆ دیاری کراوە، بەهەمان شێوەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان ئەگەر گرێبەستەکەی بۆ نوێ بکرێتەوە، بەهەمان شێوە دەچێتە ژێر سیستمی نوێی موچەوە، بەوەش بڕەکەی دەبێتە ملوێنێکو٧٥٠هەزار دینار، ئەو بڕەشی کە دەمێنێتەوە بۆی پاشکەوت دەکرێ.
- هەر کەس و لایەنێک کە ئارەزوی دەسکەوتنی ڕاستییەکانە دەتوانێ سەردانی دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی و، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکات.
- هیوادارین ئەمە ئاخر هەواڵی هەڵبەستراوی ئەو دوو دەزگایە بێ، تا خوێنەران و بینەرانی کەناڵی کەیئێنئێن و سایتی سبەی بەچاوی گومان لە هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵەکانی دیکەیان نەڕوانن.
- بەهۆی ئەوەی سەرلەبەری هەواڵەکە چەوشاکاری و بوختان و درۆیە، چاوەڕی دەکەین کەناڵی کەیئێنئێن و سایتی سبەی بەڕەسمی داوای لێبوردن لە کەس و لایەنی پەیوەندار بکەن.
- بە پێچەوانەوە وەک وەزارەت بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین کە لە دادگادا شکاتی کەناڵی کەیئێنئێن و سایتی سبەی بکەین و، ئەوکاتیش داوای قەربووی مادی و مەعنەوی دەکەین.




